گۆران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌یلی به‌شداركردنیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌

گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی چاوەڕێن لە میانی گفتوگۆدا لەگەڵ پارتی بەشێکی باشیان بدەنێ و خواستی به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ تا ئۆپۆزسیۆن بوون ،هه‌ردولا لەسەر ئەوە پێداگرن بەشدارێکی راستەقینەبن لە حکومەتدا.

ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:” کارنامەی هەموو حیزبەکان لەناو حکومەتدا جێی دەکرێتەوە بەڵام ئەو لایەنەی دەچێتە ناو حکومەت نابێ چی دیکە لە ناڵ و لە بزماریش بدات، ناکرێ بە رۆژ لە حکومەتدا بن و شەویش ئۆپۆزیسیۆن بن”.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی به‌شداركردنیان له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت:” لە هەڵبژاردندا بەڵێنیان بە خەڵک داوە و دەبێ بەڵێنەکانیان بخرێنە ناو کارنامەی حکومەت و جێبەجێ بکرێن، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵیش بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەت بە راستی خزمەتی خەڵک بکات بەشداریی تێدا دەکەن.

نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان گووتی: “مەرجی ئێمە ئەوەیە وەک هەموو حیزبێکی سیاسی کارنامەکەمان لەناو کارنامەی حکومەتدا جێی بکرێتەوە، بەپێی ئەو دەنگ و قورساییەی کە هەمانە پێویستە لەناو حکومەتیشدا بەرنامەی هەڵبژاردنەکەمان جێی بکرێتەوە و بەو شێوەیە کاری لەسەر بکرێت”.

له‌باره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌وه‌ ئاڤان ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان راگەیاند: “یان بەشدارێکی کارای راستەقینە دەبین کە هەمیشە داکۆکی لەمافی هاووڵاتیان بکەین یان ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر جددی دەبین داکۆکی لە مافە خوراوەکانی هاووڵاتیان دەکەین بۆیە ئێمە بەو شێوازە بڕیار دەدەین”.

هەنگاوی یەکەمی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت لای پارتی دەبێت چونکە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن ئەوانن، ئەمانیش دەڵێن دەرگامان لەسەر پشتە بۆ هەر لایەنێک بیەوێت لەگەڵمان بەشداربێت، بەڵام بەو مەرجەی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن خۆی یەکلا بکاتەوە.

Back to top button