مهسعود حهیدهر: پرۆژه یاساكهی عهبادی پێشێلی مادهی ۱۲۱ و ۱۱۷ی دەستووری عێراقی كردووه
مەسعود حەیدەر، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: ”ئەو ڕۆژەی دەنگ بە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی درا، عەبادی پرۆژە یاسای بودجەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، من نۆ تێبینم لەسەر نووسیوە، کە لایەنی دەستووری و یاسای و فەنی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی کە پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ ۱۲،٦۷% کەم کراوەتەوە“.
ئەندامەکەی خولی سێی پەرلەمانی عێراق گووتی:” ئەوان دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی و چاودێری کۆمەڵایەتی بە مووچەی ساڵانی ۲۰۱۵ تا ۲۰۱۷ بەراورد بکەن، تا بزانین چ دەستکارییەک کراوە؟ بەپێی مادەی ۱۲۱ و ۱۱۷ی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵییە و لە چوارچێوەی عێراقدا ڕێکخراوە، بەڵام لەو پرۆژە یاسایەی بوودجەدا هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاکان ناوی هێنراوە، ئەوەش پێشێلکردنی خودی دەستووری عێراقە”.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق،گوتیشی :” پێویسته لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا لەگەڵ خودی عەبدولمەهدی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، پێی بگوترێ ئەم پرۆژە یاسایەی عەبادی پێشکەشی کردووە، لەگەڵ بەرنامەی نوێی حکوومەتی عێراق و ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی لە نێوان کورد و بەغدا کراوە ناگونجێت”.
مهسعود حهیدهر دهڵێت: ”حکوومەت پێویستە بە فەرمی داوای گەڕاندنەوەی بودجە بۆ وەزارەتی دارایی بکات، جارێکی دیکە لەسەر بنەمای بەرنامەی حکوومەتی نوێ و ڕێککەوتنە سیاسییەکان یاسای بودجە ئامادە بکەنەوە و دواتر پێشکەشی پەرلەمانی بکەن“.
لەبارهی ڕۆڵی د. فواد حوسێن، وەزیری نوێی دارایی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە پرۆژە یاساكهی عەبادی ، مەسعود حەیدەر، ڕایگهیاند: ”من دڵنیام ڕۆڵی دەبێ، بۆ ئەوەش ئێمە هاوکاری دەبین، من بەدواداچوونم بۆ ئەو پرۆژەیە کردووە و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکم لەسەری، چونکە پەیوەستە بە هەموو گەلی کوردستانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش گرنگە تا هەوڵبدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەم پرۆژەیە بۆ وەزارەتی دارایی“.