شێخ جەعفەر بەتوندی لەدژی مالیکی هاتە سەر خەت
خواكوڕك
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەناوەندی بریار شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لەبارەی هێرشەكەی مالیكی بۆ سەر بارزانی و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بەتووندی دێتە سەر خەت و دەلێت دەبێت لەمەودوا مالیكی چۆن هەڵسوکەوت بکات وەک خۆی وەڵامی دەدەینەوە”
لە لێدوانێكی دا فەرماندەی هێزەكانی یەكەی حەفتای پێشمەرگەی كوردستان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەدژی لێدوانەكانی مالیكی هاتە سەر خەت و بەتووندی وەڵامی مالیكی دەداتەوە و دەلێت نووری مالیکی بۆی نییە فەرمان و بڕیار بەسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەر بکات و بەپێویستی زانی: “سنوورێکی بۆ دیاری بکرێت”.
هەر لەبارەی قسەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی کە تێیدا داوای کشانەوەی پێشمەرگەی بۆ ئەو سنوورە کردبوو کە لە ساڵی 2003 لێی جێگیر ببوو رایگەیاندووە: “هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە قسەی نووری مالیکی و کەسانی وەک نووری مالیکی ناکشێتەوە، ئەو سنوورەی ئێستا بەدەست هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوەیە، بە ڕێککەوتن و ئاگاداریی وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئەمریکا و هاوپەیمانان بووە و ئێمە لەگەڵ عێراق وەک لایەنی فەرمی و دامەزراوەیی مامەڵە دەکەین”.
ڕاشی گەیاند: “مالیکی نە بۆی هەیە بڕیاری کشانەوەی پێشمەرگە بدات، نە بۆشی هەیە پێشنیار بکات، لەبارەی بەشداری کردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و چوونە ناو شاری کەرکووکەوە کە مالیکی داوای کردووە، شێخ جەعفەر دەلێت: “ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە لەسەر ئەوەی چ هێزێک بەشداری لە شەڕی مووسڵ دەکات، ئەوە پەیوەندی بە عێراق و هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە هەیە، خۆیان لەسەر چی ڕێک دەکەون، با ئەوە بێت، بەڵام ڕێگا بەهیچ هێزێک نادەین لە دەرەوەی ڕێککەوتن بێت، تەنیا ڕێگامان بە پۆلیسی ئیتیحادی و سوپای عێراق داوە لە کوردستانەوە هێرش بۆ سەر مووسڵ بکەن”.
لەبارەی ئەگەری دووبارە کردنەوەی لێدوانەکانی مالیکی و دەستوەردان لە کاروباری کوردستان، شێخ جەعفەر ئاشکرا کرد: “مالیکی لەمەودوا چۆن هەڵسوکەوت بکات، بەو شێوەیە وەڵامی دەدەینەوە، قسە بکات بە قسە وەڵامی دەدەینەوە، بە کردار، بە کردار، بۆیە داوا دەکەین سنوورێک بۆ قسەکانی دیاری بکرێت”.