ئەرشەد ساڵحی: لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەسەر نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رێككەوتوین
دوای ئەوەی دوور لەو عورفە سیاسیەی كە پێشوتر سەرۆك كۆمار وەك پشكی كورد لە لایەن كوتلە كوردستانیەكان هەڵدەبژێردرا بەرهەم ساڵح بە پالپشتی شیعە بووە سەرۆك كۆماری عێراق, كە ئەمەش مەترسی لەسەر ئەزموونی كوردستان دروست دەكات, لە یەكەم كاریدا سەرۆكی بەرەی توركمانی ئاشكرای دەكات، لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رێككەوتون بۆ نەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، بە ماڵپەری سۆمەریە نیوزی راگەیاند: پێشوازی لەدەستپێشخەریەكەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركوك.
سەرۆكی بەرەی توركمانی راشیگەیاند: لەگەڵ سەرۆك كۆماردا ئەو پرسەیان یەكلایی كردوەتەوەو رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە رێگە نەدرێت جارێكی تر هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك.
بە وتەی ئەرشەد ساڵحی، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هێزێكی سەربازی لەپێكهاتەكانی كەركوك پێكبهێنرێت، كە ئەركی سەرەكیان پاراستنی سنورەكانی پارێزگای كەركوك و ناوەندی شارەكە بێت.