عومه‌ری حاجی عینایه‌ت : ئێران ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان بكاته‌ دوو ئیداره‌یی و فیدراڵیت نه‌مێنێت

عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “ژیان لەگەڵ شیعە و سونە بە باش نازانم، مەبەستیشم ئەوە نییە خوانەخواستە دوژمنایەتیی ئەوان بکەین، بەڵام دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە پێویستە کورد ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت، جاری واھەیە ھەنگاو دەنێیت و شکست دێنیت، ئەوەیان شتێکی دیکەیە، بەڵام پێویستە ھەموو تاکێکی کورد کە بەیانی لەخەو ھەڵدەستێ، بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە، تاوەکو ئەو ڕۆژەی سەربەخۆیی بەدەست دێنین“.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند:” یەکێتی لە سەرەتاوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەکاندا ھەبووە، ”بێگومان وڵاتە ئیقلیمییەکانیش کۆنتڕۆڵی سیاسەتی ئێرانیان کردووە، دواجار ڕوونە یەکێتی بۆچی بە ئاراستەی عێراق و عێراقچێتی قسە دەکات، بێگومان ھۆکارەکەی بۆ فشاری ئێران و کوتلە و کوتلەبازییەکەی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە“.

عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گووتی:” کەسانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێو یەکێتیدا هەن کە باوەڕیان بە سیاسەتی ”بەرەو عێراقچێتی“ی حزبەکەیان نییە، بەڵام ”ئەوانەی ئێستا باڵادەست و دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتین، بەھۆی بەرژەوەندیی سیاسی و بەرژەوەندیی بازرگانییەوە، ناچاریان کردوون پەیوەندییان بە ئاراستەی ئێرانەوە ھەبێت، بەڵام ئێران پیلانی ھەیە ئەم وڵاتە بکات بە دوو ئیدارەیی و فیدڕاڵیەت نەمێنێت، بۆیە ئەگەر بە ویستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، سەرلەبەری ئەزموونەکەمان ھەڵدەوەشێنێتەوە“.

ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت:” ئێران لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە پیلانەکەی جێبەجێ دەکات کە دۆستایەتییان لەگەڵدا هەیە یانیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران دان. دەشڵێت: ”بەبۆچونی من یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان دۆستایەتی و کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە، چونکە تائێستا یەکێتی سیاسەتێکی سەربەخۆی نییە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، لەساڵی ١٩٩٦ کە ٣١ی ئاب ڕووی داوە، تاوەکو ئێستا، لە یەک ئۆرگانی یەکێتی و لە یەک دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو حزبە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی، گلەیی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکراوە، نەوەکو ڕەخنەی لێبگیرێت“. بۆیە بە پێویستی دەزانێت ”پێویستە یەکێتییە ڕاستەقینەکان“، ڕاتەکاندنێک و ڕاچڵەکین ئەنجام بدەن، تاوەکوو یەکێتی لەژێر ئەو ھەژموونەی ئێران دەربھێنن.

عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، گوتیشی :” ھەر حزبێکی سیاسی دۆستایەتی لەگەڵ ئێران و تورکیا ھەبێت، قازانجی بۆ ھەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ”ئێران و تورکیا بەھیچ شێوەیەک نایانەوێ کورد لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بۆیە باشترە پارتیش پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بکاتەوە، چونکە ئێران و تورکیا مامەڵەیەکی دوژمنکارانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن“.

Back to top button