كۆنگره‌ ئومێدی گه‌وره‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ر بوونی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی

دوای‌ نه‌خۆشكه‌وتنی‌ تاڵه‌بانی‌، باڵی بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوای مام جه‌لال، ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له‌ ده‌ستیان ده‌رچێت و ماڵباته‌كه‌یان له‌ باڵێكی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه‌ ببێته‌ باڵێكی لاوازی نێو یه‌كێتی ،هه‌ربۆیه‌ باڵی بنه‌ماڵه‌ زۆربەی ئه‌ندامانی تری بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ مه‌به‌ستی قۆرخكردنی حزبه‌كه‌ بۆ خانه‌واده‌كه‌یان خسته‌ گه‌ڕ.

پاش ململانێیه‌كی توند له‌نێوان باڵی ده‌ستڕۆیشتوو و باڵه‌كه‌ی تری نێو یه‌كێتی كه‌ به‌ باڵی نیشتمانی ناسراوه‌، كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی نێو ئه‌و حزبه‌ گه‌یشته‌ لووتكه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو باڵی ماڵباتی تاڵه‌بانی كه‌ دارایی یه‌كێتی و زۆربه‌ی ئۆرگانه‌ فه‌رمییه‌كانی دیكه‌ی یه‌كێتییان به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، پاش نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر یه‌كێتی دا گرت ،باڵی ماڵبات توانی باڵه‌كه‌ی تر په‌راوێز بخات و یه‌كێتی بۆ خۆی قۆرخ بكات.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ھێشتا کاتی کۆنگرە دیاری نەکراوە، بەڵام ھەموومان لە ناو خۆماندا قسەی لەسەر دەکەین، پێش ھەر شتێکیش بڕیاری کۆنگرە بەدەست کۆمیتەی سەرکردایەتییەوەیە“.

ئەندامه‌كه‌ی سەرکردایەتی یەکێتی گوتی :” تازه‌ حکوومەتی عێراق پێکھێنراوە، ڕەنگە لە ماوەی داھاتووش حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، بۆیە ”دەرفەتی زیاتر ھەیە بۆ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە، کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کۆنگرە بکرێت“. گوتیشی: ”تەمەنا دەکەم کۆنگرەیەک بێ ھی ھەمووان بێت، ھەورەھا بۆ یەکڕیزی یەکێتی و پشتیوانی لە حکوومەت بێت“.

مستەفا چاوڕەشیش هاوشێوەی زۆرینەی یەکێتییەکان، ئومێدێکی گەورەی بە چارەسەربوونی کێشەکانی یەکێتی نییە و دەڵێت: ”ھیچ کۆنگرەیەک ناتوانێت ھەموو کێشەکان چارەسەر بکات“، بەڵام ھیوای ئەوەی خواست کە ”ھەر ھیچ نەبێت، ٧٥%ی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی یەکێتی دەبنەوە، چارەسەر بکات“.

Back to top button