داعش ده‌گاته‌ ده‌روازه‌كانی عێراق

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ سووریاوه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو عێراق، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری به‌ چڕی له‌سه‌ر سنووره‌كان دامه‌زراوون، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی داعش دوو شارۆچكه‌ی له‌ پارێزگای دێره‌زوور كۆنترۆڵكردووه‌، هه‌وڵی هاتن به‌ره‌و ناو خاكی عێراق ده‌ده‌ن.

رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌زاری فازڵ ئه‌بو ره‌فیف، شاره‌زای ئه‌منی گواستوویه‌تییه‌وه‌ ده‌ڵێت: “چالاكی روونی داعش ده‌بینرێت، به‌تایبه‌تی له‌ زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین و به‌رزاییه‌كانی بادوش و ناوچه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی پارێزگاكانی دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌ددین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی قه‌زای شڕگات”.

هیشام هاشمی، تایبه‌تمه‌ند به‌ كاروباری گرووپه‌ توندڕه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ڵێت: “ترس و دڵه‌راوكێ رێگای نێوده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ئوردن و سووریای ته‌نیوه‌، ئه‌و سنووره‌ جێگای مه‌ترسییه‌، چه‌كداره‌كانی داعش كه‌ وه‌ك تارمایی ده‌رده‌كه‌ون له‌و ناوچانه‌ چالاكییه‌كانیان فراوان كردووه‌، به‌ چه‌كی بێده‌نگ و بۆمبی لكێنه‌ر و كوشتنی خه‌ڵك ترس و دڵه‌ڕاوكێیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌”.

هیشام هاشمی گوتوویه‌تی: “چه‌ندین مانگه‌ ئه‌ندامانی هۆزه‌كانی سنوور ماڵه‌كانیان جێهێشتووه‌، زۆربه‌ی كاته‌كان پاسه‌وانی له‌ خۆیان ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كانی ناوچه‌ بیابانه‌كان، ئێستا سنوور وه‌ك ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی هێزه‌ فره‌ره‌گه‌زه‌كانه‌، جگه‌ له‌ هێزه‌كانی عێراق به‌ سه‌رجه‌م جۆر و پێكهاته‌كانییه‌وه‌، ئه‌و خێزانانه‌شی له‌ خێوه‌تگاكانی ئاواره‌كانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕی كۆتاییهێنان به‌ توندڕه‌وی زۆر دووره‌”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ۲۹ی۱۰ی۲۰۱۸ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور رایگه‌یاند: “هێزه‌كانمان به‌ چڕی له‌سه‌ر سنوور بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و دامه‌زراوون، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی چه‌ند پێگه‌یه‌كیان له‌ سووریا له‌ ده‌ستداوه‌، كه‌وتووینه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانی عێراق به‌سه‌ر شاری قائیمی پارێزگای ئه‌نبار له‌ سنووری عێراق و سووریا بڵاوكراوه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ش ئێستا ھێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تێدا جێگركراوه‌ ، له‌ بڵاوكراوه‌كاندا نووسراوه‌: “بۆ پاسه‌وانی سنوور، حه‌شدی شه‌عبی، له‌و دیوی سنووره‌وه‌ شه‌ڕێكی سه‌خت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داعش زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌، له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌مارۆدانیان ده‌درێت”.

Back to top button