هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری چیتر لە بەرهەم ساڵح قبوڵناكەین, سكالای یاسایی لە دژ تۆماردەكەین

 

دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری یەكێتی سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد, ئەمڕۆ دووشەممە بەرھەم ساڵح لەگەڵ یەكێتییەكانی ناو ھاوپەیمانی كۆبووەتەوە و داوای لێ كردوون بگەڕێنەوە نێو یەكێتی، بەرپرسێكی ھاوپەیمانییش دەڵێ ئەو كارەی بەرھەم ساڵح مایەی قبووڵكردن نییە و سكاڵای یاسی لەسەر تۆمار دەكەن.

یاسین شێخ ساڵح سەرپەرشتیاری گشتیی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ڕایگەیاندووە “بەرھەم ساڵح بەفەرمی وازی لە ھاوپەیمانی ھێناوە و ھیچ مافێكی یاسایی و دەستووری بەسەر ئەو حزبەدا نەماوە، بێگومان پرەنسیپی حزبی ڕێگە بەوە نادات ھەر سەركردەیەك واز لە حزبەكەی بھێنێ، تەداخولی كاروباری حزبێكی دیكە بكات، بۆیە پێویستە بەرھەم ساڵح بەئاگابێت و نەكەوێتە گێژاوێكی لەو جۆرەوە، چونكە بەرھەم ساڵح ھیچ پەیوەندیەكی بەھاوپەیمانی نەماوە”.

گوتیشی “بەپێی یاسا ھەر كەسێك دەبێتە سەركۆماری عێراق بۆ پاراستنی سەروەریەكانی ھاونیشتمانیانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و یەكڕیزی كۆمەڵگە، سوێندی یاسایی دەخوات، بەڵام ئایا ئەمە كارێكی یاساییە بەرھەم ساڵح لەناو مەكتەبی سیاسی بانگهێشتی ھەندێك بەرپرسی ھاوپەیمانی دەكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو یەكێتی؟ بێگومان نەخێر، ئەو كارەی بەرھەم ساڵح كێشەی كۆمەڵاتی دروست دەكات و بارگرژی لەناو پێكھاتە جیاوازەكان دروست دەكات”.

ئاماژەی بەوەش دا “ئێمە پەیكەری حزبەكەمان بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی ڕێك خستووەتەوە و ئێستە لە قۆناخی ئەوەداین لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی گشتی ئەنجام بدەین و پێگەكانی ئەم حزبە دووبارە ڕێك بخەینەوە، بەڵام بەرھەم ساڵح بەسیفاتی پۆستی سەركۆماری عێراق، تەداخولی ئیشوكارەكانی ھاوپەیمانی دەكات، بێگومان یاسا ڕێگەی پێنادات و دەبێتە خاڵێكی لاواز بۆ خودی بەرھەم ساڵح”.

سەرپەرشتیاری گشتیی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری باسی لەوەش كرد “سكاڵای یاسایی لە دژی بەرھەم ساڵح تۆمار دەكەین، چونكە بۆ پێشێلكردنی یاسا ھاتووە تەداخولی ئۆرگانەكانی ئەم حزبە دەكات، ھەروەھا بەڕەزامەندی خۆی خەڵكی ناو ئەم حزبە پەلكێش دەكات بۆ ناو حزبێكی دیكە، لە كاتێكدا ئەوە ئەركی بەرھەم ساڵح نیە، چونكە ئەو وازی ھێناوە و مافی ئەوەی نیە تەداخولی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بكات”.

Back to top button