ئومێد خۆشناو: پارتی هێڵی سوری لەسەر هیچ لایەنێك نیە بۆ پێكهێنانی حكومەت

 

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواهەمین هەڵبژاردن توانی ببێتە براوەی هەڵبژاردنەكان و زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت, بە پێی عورفی پەرلەمانی وەك براوەی یەكەم ردەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێك نییە و لەگەڵ هەرلایەكدا هاوپەیمانی درووست بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و حكومەتی پێدەدات.

ئومێد خۆشناوسەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان گوتی: “پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات”.

گوتیشی: “پارتی روانگەی وایە، هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەك نییە و هەروەها رێككەوتنی پێشینەشی لەگەڵ هیچ لایەكدا نییه”‌.

روونیشیكردەوە، “ئەوە ئیزدواجیەتە، لە بەغدا زۆرینە و كەمینە ئیشی پێ بكرێت و لە كوردستان داوا بكرێت ئیستحقاق بە گوێرەی خەبات بێت، ئەگەر وا بێت دەبێت حزبی شیوعی زۆرترین پۆستی هەبێت. بۆیە دەبێت رێز لە رای جەماوەر بگیرێت و بە پێی بەركەوتەی هەڵبژاردن حكومەت پێكبهێنرێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە سەردەمی پەنجا بە پەنجا دەمێكە كۆتایی پێهاتووە”.

ئومێد خۆشناو، باسی لەوەشكرد، “ئەمجارە تەنیا سەرۆك وەزیران رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و وەك جاران نییە سەرۆك و جێگری راسپێردرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “ئەزموونی حكومەتی بنكە فراوان سەركەوتوو نەبوو، نابێت دووبارەی بكەینەوە، كاتێك دەڵێین رەچاوی واقیعی هەرێمی كوردستان دەكەین، ناكرێت هیچ لایەنێك فەرامۆش بكرێت، كە دەڵێین هێڵی سوورمان نییە، دەمانەوێت رەچاوی بارودۆخی كوردستان بكەین، رێككەوتنی پێشوەختەشمان لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نییە، كاتێك دەستمان بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت كرد، پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات و هیوادارین لە زووترین كاتدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەم خولەی پەرلەمانتارانیش بە رێژەی لەسەدا 80ی مووچەكانیان خانەنشین دەكرێن، چونكە یاسای چاكسازی لەم خولەدا دەرنەچووە و دەكرێت لە خولی داهاتوو ئیشی لەسەر بكرێت.

گوتیشی: یاسای بەركار هەر ئەوەیە كە پێشتر وەزیر و پەرلەمانتارانی پێ خانەنشین بوونە و دەكرێت خولی داهاتوو یاسای چاكسازی پەسند بكات و كاری پێ بكرێت.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، لە خولی داهاتوودا وەك فراكسیۆنی پارتی دەستبەرداری پرۆژە یاسای چاكسازی نابن و كار بۆ دەركردنی ئەو یاسایە دەكەن.

پرۆژە یاسای چاكسازی لەم خولەی پەرلەماندا تاوتوێكرا و دەنگی لەسەر درا، بەڵام بە هۆی درووستبوونی ناڕەزایەتی لە هەمبەر خانەنشینی پەرلەمانتاران بە شەش ملیۆن دینار، ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (جێگر و سكرتێر)ی پەرلەمان پڕۆژە یاساكەیان گەڕاندەوە هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان و دواتر هیچ دانیشتنێك بۆ تاوتوێكردنی پرۆژە یاساكە ئەنجام نەدرا و چارەنووسی ئەو یاسایە دواخرا بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.

Back to top button