رۆژی چوار شەممە ئیدارەی شەرعی شنگاڵ دەگەڕێتەوە شنگاڵ

 

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر و هێڕشی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە شێكی زۆری خاكی كوردستان كەوتنە ژێر داەستی حەشدی شەعبی, دوای تێپەڕینی یەك ساڵ بەسەر داگیركاری و حوكمی سەربازی بڕیار بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگاڵ بۆ شنگاڵ دەرچوو كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئیدارەی شنگال و هەرسێ ناحیەكە بگەڕێندرێنەوە قەزاكە و فەرمانبەرانی دەست بەكارەكانیان دەكەنەوە.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: “وەك ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە (28-10-2018) لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لە موسڵ لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكانی پارێزگاكە، لەبارەی گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال كۆبووینەوە، كە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، فەرماندەی پۆلیس، نوێنەری حەشدی شەعبی، هەواڵگری و ئەمنی نیشتمانی و فەرماندەی فرقەكانی 15 و 16 و 20 لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربوون”.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیادرا بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی قەزای شنگال و هەرسێ ناحیەكە بۆ شنگال و دەستبەركاربوونەوەیان، كە بریتین لە:

– مەحماخەلیل، قایمقامی قەزای شنگال
– وەیس نایف سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال
– نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ
– ئەلیاس خزر سەرۆكی ئەنجوومەنی ناحیەی سنونێ
– عەبدولحەمید قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی بلێج
– ئێزدین نادم سەرۆكی ئەنجوومەنی ناحیەی بلێج
– خدر خودێدا، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر
– سەیدۆ خشۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی گرعوزێر

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی لەوەكردەوە، بڕیارە ئیدارەی شەرعی قەزای شنگال رۆژی چوارشەممە 31-10-2018 بەفەرمی بگەڕێنەوەو، بە فەرمیش بەرپرسانی ئیدارەكەیان ئاگاداركردووەتەوە.

هاوكات سەیدۆ چەتۆ، گوتیشی “پێشتر ئیدارەی پارێزگای نەینەوا ئامادەنەبوو مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعی شنگال بكات، كە پێشتر پێكهێنرابوو، بۆیە ئێستا ئیدارە شەرعی دەگەڕێتەوە و ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان”.

لەو بارەیەشەوە مەحماخەلیل، قایمقامی قەزای شنگال هەواڵەكەی پشتڕاستكردوەتەوە و رایگەیاند، ئەمە بە رێككەوتن و ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراقی و ئیدارەی پارێزگای نەینەوایە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی قەزا و ناحییەكانی شنگال كردووە و فەرمانی دەركردووە بەمەبەستی گەڕانەوەی سەرجەم بەرپرسانی قەزاكە بۆ شنگال لەگەڵ هەموو دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان.

قایمقامی قەزای شنگال ئاماژەی بەوەكرد، سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراقی بەڵێنیانداوە ئاسایش ئیدارەی قەزاكە دەستبەربكات و رۆژی چوارشەممەش بە فەرمی دەگەڕێنەوە شنگال و دەستبەكارەكان دەكەینەوە.

Back to top button