بەبەڵگە: دەستەی دادوەری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەندكرد

دوای ئەوەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا, ئەنجامەكانی لە لایەن كۆمسیۆنی باڵایی راپرسی و هەڵبژاردنەكنی كوردستان پەسەند كرا, دواجار بۆ وەرگرتنی رێككاری یاسایی خۆیی لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش، ئمڕۆ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا و ئەنجامەكانی پەسەند كرد.
بەگوێرەی بڕیاری دەستەی دادوەری، ئەو كیان و كاندیدانەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە لە میدیاكانی ناوخۆدا ناوەكانیان وەك سەركەوتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكرایەوە پەسەندكراوە و بە نووسراوێك كۆنووسی پەسەندكردنی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كراوە بە مەبەستی جێبەجێكردن.
لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی دادوەریدا نووسراوە: “دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی 30/10/2018 بە سەرۆكایەتی، جێگری سەرۆك، دادوەر عەلی عەوڵا ئەحمەد و ئەندامێتی جێگری سەرۆك، دادوەر عەبدوڵڵا عەلی ئەحمەد شەرەفانی و دادوەر محەمەد مستەفا مەحمود، بەناوی گەلەوە ئەم بڕیارەیان دەركردووە”.
هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتووە: “پاش وردبینی سەرجەم تانەكانی سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان – عێراق لە 30/9/2018، كە لەلایەن هێز و كیانە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنەكە پێشكەشكرابوو، دادگا وردبینی لە ناوی سەركەوتووەكان و ئەو سكاڵایانە كرد كە لەسەریان هەبوو، دەستەی دادوەری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەسەند كرد لەسەر ئاستی كیانەكان و كاندیدەكان كە لە سێ رۆژنامەی ناوخۆیی، لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راگەیاندنی كۆمسیۆن بڵاوكرابوونەوەو دەستەی دادوەری بە رێككەوتن لە 30/10/2018 پەسەندی كرد”.
پاش پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش دەبێت خولی نوێی پەرلەمان بەسەرۆكایەتی بە تەمەنترین ئەندام یەكەم دانیشتن ئەنجام بدات و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمان ئامادەكاریی بۆ ئەو دانیشتنە دەكات.
لە ئێستادا ئەگەر ئەنجوومەنی دادوەری لەو 10 رۆژەدا ئەو داواكارییەی رانەگەیاند، پێویستە رۆژی دواتر پەرلەمان خۆی كۆبێتەوە بێ ئەوەی هیچ دەزگا و دامەزراوەیەك داوای كۆبوونەوەكە بكات.
