ماجد شنگاڵی: ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێزیدی رفێنراو لەلایەن چەند خێزانێكی شاری موسڵەوە دەستبەسەرن و رێگری لە گەڕانەوەیان دەكرێت
دوای داگیركردنی بەشێك لە خاكی كوردسان لە لایەن گەورەترین هێزی ریكخراوی تیرۆریستی (داعش) ژمارەیەك هاوڵاتی كوردی ئێزیدی كەوتنە دەستی تیرۆریستان و لە بازاڕەكانی موسڵ و ڕەققە مامەلەیان پێوەكراوە, ئەگەر چی حكومەتی هەرێم توانی لە رێگای نوسینگەیەكی تایبەت بۆ رزگاركردنی ئەو هاوڵاتیانە زیاتر لە 3000كەس رزگار بكات, ئەندامێكی كورد لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێزیدی رفێنراو لەلایەن چەند خێزانێكی شاری موسڵەوە دەستبەسەرن و رێگری لە گەڕانەوەیان دەكرێت.
ماجد شنگالی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاندووە” پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق هاوكاتە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی وڵات و نەمانی شەڕی داعش، بۆیە ئەركی سەرەكی ئەو حكومەتەیە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی سەرجەم ناوچە كارەستبارەكان بكات بە تایبەت قەزای شنگال”.
وتیشی “پێویستە نوێنەرانی كورد لە بەغدا فشار بخەنە سەر حكومەتەكەی د. عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی ئاوڕ لە سەرجەم ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەڕی داعش بداتەوەو ئاوەدانیان بكاتەوە و كاری جدیش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان”.
ماجد شنگالی گوتیشی:” بەپێی دوایین زانیارییەكان، ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێزیدی رفێنراو لەلایەن چەند خێزانێكی شاری موسڵەوە دەستبەسەرن و رێگری لە گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ ناو خانەوادەكانیان و ئەركی حكومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتی خۆجێتی موسڵە، كار بۆ ئازادكردنیان بكات و بەكەسوكاریان شاد بكاتەوە.