سبەی بڕی100 ملیۆن دۆڵار بۆ بەڵێندەران سەرفدەكرێن

 

دوای ئەوەی وەزارەتی داریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە بڕیی 100 ملیۆن دۆڵار بۆ بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستان خەرج رێت, بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان گوتی، سبەی دەست بە دابەشكردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ھەرێمی كوردستان
بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “ڕێنمایی دەرچووە و سبەی دەست بە دابەشكردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران دەكرێت، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خەرجی كردووە، كە ٤٣%ی پارەكە بۆ سلێمانی و ٥٧%یشی بۆ پارێزگاكانی ھەولێر و دھۆكە، چونكە وەزارەتی داراییی حكوومەتی ھەرێم بەو شێوە دایناوە.”

بەشار عەلی گوتیشی: “ئەو پارەیە دەدرێتە ئەو بەڵێندەرانەی كە كاتی خۆی چەكی پارەیان لە حكوومەت وەرگرتووە و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پارەیان بۆ سەرف نەكراوە، ئێستا بەشێكی ئەو پارەیە دەدرێتەوە ئەوان.”

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: “حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵێنێكی داوە كە مانگانە ئەگەر توانای ھەبێت بەشێكی پارەی بەڵێندەران خەرج دەكات، چونكە وەزیری پلاندانان باسی لەوە دەكرد بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەكان تەواو بن و قەرزی بەڵێندەرانیش بدرێتەوە، پێویستمان بە دوو ملیار و٥٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، چونكە بە ھەزاران پڕۆژە ھەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن و ئێستا حكوومەت ھەوڵ دەدات دەست بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە بكرێت.”

بەشار عەلی باسی لەوەش كرد: “چەندین پڕۆژە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە و ھاتنی ئەو پارەیەش وا دەكات زیاتر جموجووڵ دروست بێت و ئەمەش وا دەكات كەرتەكانی دیكەی ئابووریش ببووژێنەوە، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی دۆخەكە بەرەو باشتر دەچێت و ساڵی داھاتوو زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت.”

Back to top button