عارف روشدی: پارتی ئامادەكاری دەكات بۆ سازدانی كۆنگرە
دوای پەسەند كردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆن و دەستەی دادوەری هەرێمی كوردستان, راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، باس لە داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و باوەڕی وایە، بەشێكی زۆری بەرنامەی پارتی، دەبێتە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. دەشڵێ، پارتی بەنیازە ئامادەكاری بكات و لە كاتی گونجاودا كۆنگرە دەبەستێت.
عارف ڕوشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: “پارتی لە دوو هەڵبژاردندا (١٢-٥ و ٣٠-٩- ٢٠١٨) سەلماندی كە ئەو هێزەیە لە ئاستی متمانەی خەڵكدایە، تاكە حزبی سیاسیی كوردستانیشە بتوانێت سەرەڕای ئەوەی هێزی سەرەكیی حوكمڕان بووە، وا هەڵكشێت كە خۆی لە قەرەی دەنگەكانی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 1992 بدات، ئەگەر ئەو هەموو دەنگە نەسووتێنرابان، رەنگە پارتی دوو تا 3 كورسیی دیكەی ببردایە، ئەم هەڵكشانە ئاسان نییە، كارێكی ئاساییشە كە حزبی دەسەڵاتدار هەمیشە دەكەوێتە بەردەم رەخنە و توانج و ناڕەزایەتی، لە هەمان كاتدا هێرشی ناڕەوای ركابەرەكانی پارتی لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم، بۆیە پارتی دەبێت باشتر شان بداتە بەر پرسیارەتی و كاراتر هاوكاری بنوێنێت لەگەڵ كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا”.
عارف ڕوشدی، هەروەها گوتی: “پارتی مافی خۆیەتی شوێن بۆ بەشێكی گرینگی بەرنامەكەی لە چوارچێوەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەتدا بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پارتی كە خاوەنی زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانە، بیر لە قۆرخكردنی دەسەڵات ناكاتەوە و واقیعی كوردستان لە بەرچاو دەگرێت، بەڵام دەبێ ئەو هێزانەی بەشدار دەبن لە كابینەی نوێدا، حكوومەتداری بكەن، نەك قاچێكیان لە حكوومەتدا بێت و قاچێكی دیكەیان لە ئۆپۆزسیۆندا بێت، یان هەر كاتێك بارودۆخ گونجاو و باش بێت، حوكمڕان بن و هەر كاتێك كێشە و گرفت هەبێت، ماڵئاوایی لە حكوومەت بكەن”.
لەبارەی كۆنگرەی حزبیشەوە، راوێژكاری مەكتەبیی سیاسیی پارتی، ئاماژەی دا: “پارتی بەنیازە ئامادەكاری بكات و لە كاتی گونجاودا هەنگاو بەرەو بەستنی كۆنگرە بنێت، بەستنی كۆنگرە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری هەنگاوی پێویستن، هەروەها ناكرێت زیاتر كاتی یاسایی بەستنی كۆنگرە تێپەڕ ببێت، ئەگەر دیقەت بدەین، لەبارەی پێویستیی گۆڕانكاری و چاكسازی، جەنابی سەرۆك بارزانی لە گوتارێكیدا لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، روونی كردەوە كە دەبێ لەم هەڵبژاردنەدا هەموو لایەك هیممەت بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بین، بەڵام سەركەوتنێكی گەورە، بۆ ئەوەی بتوانین كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێین و رێگامان لە بەردەمدا واڵا بێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازیی گەورە. من دڵنیام پارتی ئەو بۆچوونانەی سەرۆك بارزانی دەكاتە قیبلەنما و كارنامەی خۆی و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەنگاوی كرداری لە ئاستی كاری حزبی و حوكمڕانیدا هەڵدەگرێت”.