بەرپرسێكی یەكگرتوو لە كەركووك:” كەركووك بووەتە مەنبەعی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر

 

دوای ئەوەی كەركووك بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لە ئێستادا شارەكە رووبەرووی تەعریب بووەتەوە وە بووەتە سەرچاوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان بەر پرسێكی یەكگرتووش دەلێت:”16ی ئوكتۆبەر ڕۆژێكی ڕەش بوو لە مێژووی كورددا“.

مەولوود رەسووڵ، بەرپرسی مەڵبەندی شەشی كەركووكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت:” 16ی ئوكتۆبەر ڕۆژێكە كە گۆڕانكاری لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی‌ وەك خورماتوو دروست كرد، ئەو ناوچانە بە هۆیەوە لەدەست هێزەكانی پێشمەرگەدا نەمان و كەوتنە دەست هێزە عێراقییەكان، كە شكستێكی گەورە بوو لە مێژووی كورددا، لە هەمان كاتدا ڕۆژێكی ڕەش و هەڵەش بوو ڕووبەڕووی ئەو ناوچانە بوو، لەدوای ساڵێك بەسەریدا تاكوو ئێستاش مەترسییەكانی ماون و كۆتاییان نەهاتووە و ئەو ئازار و برینانەی كە تووشی دانیشتوانی كەركووك و خورماتوو و چەند شوێنێكی دیكە بوون، هێشتاكە سارێژ نەبوونەتەوە‌.

لەبارەی باروودۆخی ئێستای كەركود ئەو بەر پرسەی یەكگرتوو دەڵێت:” بارودۆخی ئێستای كەركووك خراپە و باش نییە، دیاردەی هەڵكوتانە سەر ماڵان و پشكنینیان لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەی دزی بە هەموو جۆرەكانیەوە لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە دەكرێ، پێش 16ی ئوكتۆبەر بەهۆی بوونی پێشمەرگەوە، كەركووك لە هەموو ڕووێكەوە ئارام و زۆر لە ئێستاكە باشتر بوو، بەڵام ئێستا دەرگای شارەكە بەرامبەر هەر هێزێك واڵا كراوە گەر بیەوێت كاری خراپەكاری و تێكدەرانە بكات.

هەروەها مەولوود رەسووڵ لە بارەی تەعریب كردنی شارەكە دەلێت:” بەهۆی ئەوەی كە پارێزگاری ئێستای كەركووك عەرەبە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی پارێزگاكەش بەتەواوەتی كارا نییە، ئەو بڕیارانەی سەردەمی ڕژێمی بەعس سەبارەت بە تەعریبكردنی ناوچەكە وەك گرێبەستە كشتوكاڵییەكان ئێستا دووبارە دەبنەوە، زۆر لە یاساكانی ڕژێمی بەعس لە كەركووك دووبارە دەبنەوە و دژی كورد بەكار دەهێنرێن، بۆیە ئێستا پرۆسەی تەعریب لە كەركووك و دەوروبەریشی بەردەوام و فراونە، كە ئەگەر ڕێگریی لێ نەكرێت، مەترسی بۆ سەر ئێستا و ئایندەی كەركووك دروست دەكات.

Back to top button