نوری حه‌مه‌ عه‌لی : یەکێتی ناتوانێ بە ٢١ کورسییەوە داوای پۆستی باڵا بکات

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: “پارتی بەھۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەستی ھێناوە، زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستانی مسۆگەر کردووە، بێگومان ئێستا ئێمە ٥٠ +١ی کورسییەکانمان ئامادەیە و بەبێ یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەتوانین کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنین“.

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی :” پارتی خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجام دەدات، تاوەکوو بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت. گوتیشی: ”یەکێتی ناتوانێ بە ٢١ کورسییەوە داوای پۆستی باڵا بکات، دواجار باوەڕیش ناکەم حزبێک داوای پۆستی باڵا بکات، ئەگەر بەقەد باڵای خۆی نەبێت، ھەر کەسێکیش کە جل دەدوەرێ، بەقەد قەد و باڵای خۆی جل دەدوورێت، ڕاستە برادەرانی یەکێتی لە ڕابردوودا لە حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھاوبەشی ئێمە بوون و پێکەوە بووین، بەڵام ئەگەر ئێمە لەپێناو بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ئارامیی ناوچەکە موڕاعاتی یەکێتی بکەین، شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام ئەگەر ھەر حزبێک سنووری خۆی تێپەڕێنێت و داوای پۆستی باڵا بکات، باوەڕ ناکەم بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدابێت“.

نووری حەمە عەلی ده‌ڵێت :” پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی، هەمیشە قوربانی بەخۆی داوە و پشکەکانی خۆی بە حزبەکانی دیکە داوە، بەڵام ”ھەندێکجار حزبەکان سوودیان لەو نەرمی نواندنەی پارتی وەرگرتووە، بۆیە ”ئەو حزبانەی داوای پۆست و پلەوپایە دەکەن، پێویستە ئاگایان لە خۆیان بێت، بەو مانایەی لە ئایندەدا موزایەدە نەکەن و لە نیوەی ڕێگادا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەجێ نەهێڵن“.

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ده‌شڵێت :” هەر حزبێکی سیاسی کاتێک بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەکات، ”پێویستە خۆی بە خاوەنی حکوومەتەکە بزانێت، بەڵام ئەگەر پێیەکی لەناو ئۆپۆزسیۆن و پێیەکی دیکەشی لەناو حکوومەتدا بێت، ئەوە قەبوڵ ناکرێت، ھەرچەندە کابینەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستانی کردووە، بەڵام پێمان وایە ئەم کابینەیە زیاتر خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی کوردستان فەراھەم دەکات“.

Back to top button