لە خانەقین مەزارگەیەك تەقێندرایەوە, یەكێتی داوا لە عەشیرەتەكانی ناوچەكە دەكات چەك هەڵبگرن خانەقین لە ژێر مەترسیدایە
دوای ئەوەی مەزاری “باوە مەحموود” لە سنووری خانەقین، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، تەقێنرایەوە, ئەندامكێی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی، داوا لە عەشیرەتەكانی خانەقین دەكات، چەك هەڵبگرن. هاوكات داوا لە بەرهەم ساڵح دەكات، یەكێك لە فەوجەكانی پاسەوانی خۆی بۆ ناوچەكەیان بنێرێت.
زاهد خەلیل دەلۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، دوای ئەو تەقینەوەیە، داوای لە عەشیرەتەكانی خانەقین، كرد، چەك هەڵبگرن.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی، داواشی لەبەرهەم ساڵح كرد، بەپەلە یەكێك لە فەوجەكانی ئەو دوو لیوا یەی پاسەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار، دەكەن، ڕەوانەی ناوچەكەیان بكات.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە ژمارەی هێرشە تیرۆریستییەكان لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا (لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە) تا ئەمڕۆ، گەیشتووەتە تەقاندنەوەی 31 بۆمب و چەندین تاوانی كوشتن و ڕفاندن.
شایەنی باسە, كەمێك پێش ئێستا، مەزاری “باوە مەحموود” لە سنووری خانەقین، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، تەقێنرایەوە و، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، زیانێكی زۆر بە مەزراگەكە، كەوتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە، كە دوو ڕۆژ پێشتر بۆمبێكی چێندراو لەهەمان مەزارگەدا تەقێنرایەوە و بوو بەهۆی شەهیدبوونی هاووڵاتییەك و برینداربوونی دوو كەسی دیكە.