شاخه‌وان عه‌بدوڵا: حکوومەتی عێراق ناچار دەکەین كه‌ركوك جێ بهێڵێت

دوای ئەوەی به‌رهه‌م ساڵح به‌ڵێن ئه‌دات به ئه‌رشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌گه‌ڕێته‌وه شاری كه‌ركوك ، ئه‌م به‌ڵێنه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ڕه‌خنه‌و گله‌یی و گازنده‌ی هاونیشتیمانیانی كردستانی به دوای خۆیدا هێنا و ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرو چاودێرانی سیاسی پێیان وایه جارێكی تر رۆحی كه‌ركوكییه‌كان بریندار ده‌كرێته‌وه‌و كه‌ركوك ده‌فرۆشرێته‌وه .
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: “ئێمە ئاگاداری هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەو نین، ئەگەر بەرهەم ساڵح ئەم کارەی کردبێت، ئەوا ئەوپەڕی بێحورمەتییە و فرۆشتنەوەیەکی دیکەی کەرکووکە، لەلایەکی دیکەشەوە بۆی نییە بەبێ کەرکووکییەکان باسی کەرکووک بکات و بەناوی ئەوانەوە قسە بکات”.
ئەندامه‌كه‌ی خولی سێی پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی لە باره‌ی بێ هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لە کاتی خیانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبەر ده‌ڵێت: “کاتێک کەرکووک فرۆشرا، بەرهەم ساڵح هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، ئێستاش با لەوە زیاتر خۆی ناشیرین نەکات و جارێکی دیکە کەرکووک بفرۆشێتەوە”. گوتیشی: ئەوان پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نابن”.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتاری عێراق له فراكسیۆنی پارتی ده‌شڵێت: “ئێستا ئێمە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردنین بۆ پرۆژەیەک، کە جەنابی سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی دەکات، بۆیە خۆمان دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکەینەوە، چونکە بەو خەڵکە و نەزانەی دوای پۆست و پلە کەوتوون دۆخی کەرکووک ئاسایی ناکرێتەوە”.
ئەندامه‌كه‌ی خولی سێی پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: “١٠٠ ڕێککەوتنی دیکە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، کەرکووک ناسنامەی کوردستانییە و هەتا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠یش دەبێ بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، ئەگەر دۆخەکەش بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێت، ئەوا حکوومەتی عێراق ناچار دەکەین ئەو ناوچانە جێ بهێڵێت، هەرچەندە ئێمە هێشتا بڕیارمان نەداوە و چاوەڕوانی هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانین، بە کۆتاییهاتنی هەڵوێستەکان سوپا ناتوانێت، لەناو کەرکووک، شوان، قەرەهەنجیر بمێنێتەوە، ئەگەر هەزاران دەبابە و سەربازی دیکەش بهێنن”.
رۆژی ١٩ی٩ی٢٠١٨، بەرھەم ساڵح دوای نزیکەی پێنج مانگ جیابوونەوەی لە یەکێتی و دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ك بەناوی ھاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دواجار قه‌واره‌كه‌ی خۆی بەجێ ھێشت و گەڕایەوە ناو یەکێتی و لە ھەمان رۆژ بووە کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق.