پارێزگای سه‌پێنراوی كه‌ركوك ۸۱ خێزانی عه‌ره‌ب هاورده‌ی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ران ده‌كات

لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان ڕاگەیاند: “پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بەردەوامە لەسەر پرۆسەی تەعریب و ئێستا ڕەزامەندیی داوە و نووسراوی بۆ ٨١ خێزانی عەرەب کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەرگەڕان و جگە لەوەش، بڕیاری داوە کوردی ١٢ گوند نابێت بۆ ئەمساڵ زەوییەکانیان بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەو عەرەبانە ھەمووان قەرەبووکراونەتەوە بە پێی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانی کوردن، نەک عەرەبەکان.”

بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان گوتیشی: “بە ھۆی پێشێلکردنی دەستووری عێراق لەدادگای ئیداریی بەغدا سکاڵا لەسەر پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت تۆمار دەکەین و پەرلەمانیش بڕیاری داوە بانگھێشتی پەرلەمانی بکات و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، بۆیە بە ھۆی ئەو فشارەی لەسەرمان دروست کردوون، ئێستا باس لەوە دەکرێت لەو بڕیارانەی داویەتی پاشگەز بووەتەوە.”

له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا ھاوڵاتیانی عەرەبی ھاوردە چونەتە سەر بەشێک لە گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕان، بەپێ دیکۆمێنتەکان، بەشێک لەو عەرەبانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەلایەن حکومەتی عێراقه‌وه‌ قەرەبوو کراونەتەوە و جارێكی دیكه‌ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی جەرگبڕ بوو لە مێژووی گەلی كورددا، كە باڵێكی سیاسیی حیزبێكی كوردی هاوكاریی دوژمنیان كرد تا كەركووك داگیر بكەن ، ئیدارەی سەربازیی سەپێندراو لە كەركووك، ئامادە نییە هیچ خزمەت گوزارییەك بۆ شاری كه‌ركوك به‌ قه‌زاو ناحیه‌كانیه‌وه‌ جێبەجێ بكات، ماوەی ساڵێكە ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا ئەنجام نەداوە و ڕۆحی ئەو شارەیان كێشا و لە جەستەیەكی مردوو دەچێت.

Back to top button