بە ڤیدۆ:شەڕ لە نێوان گوند نشینەكانی داقوق و عەربە هاوردەكان روویدا

 

دوای ئەوەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك 81ی خێزانی عەرەبی لە داقوق لە سەر زەوی و زاری هاوڵاتیانی كورد نیشتەجێ‌ كرد, ئەمڕۆ لە داقووق عەرەبە هاوردەكان بە چەكەوە هەڵدەكوتنە سەر جووتیارانی كورد, دادگای شارەكەش داوای جێهێشتنی زەویەكانیان لە هاوڵاتیانی كورد دەكات بۆ عەرەب هاوردەكان.

نەقیب گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی كەركووك، ڕایگەیاند: ”بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، ئەو عەرەبە هاوردانەی كە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق لە سنوورەكەدا نیشتەجێ كرابوون و دواتر بە پێی مادەی ١٤٠ی دەستوور قەرەبوو كرابوونەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1\11\2018، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە تۆوكردنی جووتیارانی كورد، بە چەكەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر یەكێك لە گوندەكانی سنووری شارۆچكەی داقوق و بەو هۆیەشەوە شەڕ و پێكدادان دروست بووە“.
بەرپرسەكەی ئاسایشی كەركووك، ئەوەشی خستە روو، كە ئامانج لە ئەو شەڕەش چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكانە، بۆ ئەوەی لە وەرزی تۆوچاندندا گوندەكانیان چۆڵ بكەن.
باسیشی لە بێدەنگی هێزی یەكێتی لە سنوورەكەدا كرد و گوتیشی: ”بەداخەوە ئەو دەسەڵاتە كوردییەی لەوێیە هیچ كاردانەوەیەكیان لەبەرامبەر ئەم ئاڵۆزییانە نەبووە“.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی كەركووك، ئاماژەی بەوەش دا، كە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن فەرمانگەی كشتوكاڵ و دادگای داقووقەوە داوای گەڕاندنەوەی زەوییەكان بۆ عەرەبەكان كراوە، لە كاتێكدا زەوییەكان لە بنەڕەتدا هی كوردە و تاپۆی بەناوی كوردەكانەوەیە، بۆیە ئەم هەوڵە مەترسییەكی گەورەیە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شارەكە.

Back to top button