ئەمریکا و تورکیا لە منبج ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند بوو لە منبج بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، لە منبج ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ سوپای تورکیا و ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە شاری منبجی باکووری سووریا دەستپێکرد.
ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی لە زاری خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر سێ و 53 خولەک، سوپای ئەمەریکا و تورکیا یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازییان لە ژێر رێککەوتنی نەخشە رێگای منبج ئەنجامداوە.
بنەمای رێککەوتنی منبج بریتیە لە وەدەرنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری منبج کە تورکیا بە بەشێک لە پەکەکە و “تیرۆرست” ناویان دەبات.
دەستپێکردنی ئەم کارە هاوبەشەی ئەمەریکا و تورکیا لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بڕیاریداوە هێرشبکاتە سەر ئەو شوێنانەی هێزەکانی یەپەگە بەڕێوەی دەبەن لە سووریا و لە چەند رۆژی رابردووش سوپای تورکیا چەند جارێک بارەگاکانی یەپەگەی لە نزیک شاری کۆبانێ و رووباری فوڕات بۆردومان کردووە.