ماكرۆن سەردانی عێراق دەكات, چاوە ڕواندەكرێت سەردانی هەرێمی كوردستان و شنگاڵ بكات

 

لەگەڵ ئەوەی پێشوتر میداكانی فەرەنسا رایانگەیاند بوو كە ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات, ئەمرۆ رۆژنامەی (لۆ فیگارۆ)ی فەرنسی بڵاوی كردووەتەوە، كە ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە مانگی 2ـی 2019 سەردانی لوبنان و عێراق دەكات، كە یەكەم سەردانیەتی بۆ ئەو دوو وڵاتە.

چاوەڕێ دەكرێ دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا، ئیمانوێڵ ماكرۆن سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كۆ ببێتەوە.
هەروەك رۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی فەرەنسا سەردانەكەی لە رۆژانی 11-14ـی مانگی 2ـی 2019 ئەنجام دەدات.
دوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و شكست پێ هێنانی داگیركاریی ئەو میلیشیایانە لە پردێ و مەحمودییە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە، فەرەنسا رۆڵێكی كاریگەری لە هێوركردنەوەی بارودۆخەكە گێڕا.
هەروەها دوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی گەلی كوردستان لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، ئیمانوێڵ ماكرۆن یەكەم سەرۆكی وڵاتان بوو پشتی لە كوردستان نەكرد و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە فەرمی بانگهێشتی پاریس كرد و لە پرێس كۆنفرانسێكدا، ئاڵای كوردستانی بەرز كردەوە.

فەرەنسا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كوردستان هەیە و لە سەردەمی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان لە سەدەی رابردووەوە، هاوكاریی گەلی كوردستان دەكات. هەروەها لە ساڵی 1991، فەرەنسا بووە هۆی دەركردنی بڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كەتایبەت بوو بە پاراستنی گەلی كوردستان لە سوپای بەعسی داگیركەر.

لە دوای هێرش و داگیركاریی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیش بۆ سەر كوردستان، فەرەنسا بە بۆردومانكردنی ئاسمانیی بنكەكانی داعش، ناردنی چەك و تەقەمەنی و مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كرد.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیكەی دوو هەزار چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان كردە ناو خاكی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێكدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر كرد.

Back to top button