سەرۆك كۆماری عێراق, ناڕازییە لەوەی ئەمریكا حەشدی شەعبی بە میلیشیایەكی تائیفی ناوهێناوە
دوای ئەوەی ئەمریكا لە زاری وەزیری بەرگری وڵاتەكەی رایگەیاند كە پێویستە ئێران دەست بەرداری هاوكاری كردنی گرووپە تائیفیەكانی عێراق و سوریا و یەمەن بێت, سەركردەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە ئەمریكا كرد بەوەی وەك “میلیشیای تایفی” دەیاناسێنێ، رایگەیاند كە حكوومەتی بەغدا قبووڵ ناكات هێزەكانی حەشد بەمیلیشیای تایفی بناسێندرێن.
عەلی حسەینی سەركردە لە حەشدی شەعبی بەمیدیاكانی عێراق راگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق هەڵوێست وەردەگرێت بەرامبەر ئەمریكا، لەسەر ئەوەی حەشدی شەعبی بەمیلیشیای تایفی وەسف كردووە.
دوێنێ ئیدارەی ئەمریكا یەكێ لەو مەرجانەی بەسەر ئێرانیدا سەپاند، ئەوە بوو كە نابێ چیدی دەستێوەردان لە كاروباری میلیشیا تایفیە شیعەكانی عێراق بكات، بەڵكو دەبێ ئەم میلیشیا تایفیانە بەیەكجاری چەك بكرێن و هەڵوەشێندرێنەوە، بۆ ئەندامەكانیشیان تێكەڵی كۆمەڵگەی عێراقی ببنەوە.
لەمبارەیەوە حسەینی گوتوویەتی كە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هەڵوێستی جیدی وەردەگرێت بەرامبەر واشنتن، چونكە حەشدی شەعبی بەمیلیشیای تایفی وەسف كردووە. لە كاتێكدا حەشد دامەزراوەیەكی تەناهی سەر بەفەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و دەستدرێژی بۆ سەر حەشد بەپێشێلكردنی سەروەری عێراق دادەندرێت.
جێی باسە لەمیانی گەمارۆ ئابوورییەكان و گوشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، پاراستنی عێراق وەك بەشێكی سەرەكی لەم گوشارانەی ئەمریكا دادەندرێ و واشنتن دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە سنوورێك بۆ هەژموونی لەرادەبەدەری تاران لەسەر حكوومەت و سوپای عێراق دابنێت، بەتایبەتی كە میلیشیا تایفیەكانی حەشد بەتەواوی لە ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن.