كۆمەڵ: حكومەت دەوڵەمەندە زۆر بە ئاسایی دەبینین پەرلەمانتاران 48 ملیۆن دیناریان وەگرت

 

دوای ئەوەی پەرلمانتارانی خوڵی هەشتەمی پەرلەمان لەگەڵ كۆتا هاتنی خوڵی پەرلەمانیان, هەر پەرلەمانتارێك بڕی 48 ملیۆن دیناریان وەرگرت, وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە ناڕەزایەتیەكی فراوانی لە سەرتاسەری كوردستان لێكەوتەوە, پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند پەرلەمانتارانی كوردستان بەپێی یاسا و ھاوشێوەی ھەموو فەرمانبەرێكی حكوومەت، ئەو 48 ملیۆن دینارە وەردەگرن. گوتیشی وڵاتەكەمان دەوڵەمەندە و بەو پارەیەی دەدرێتە پەرلەمانتار، لێی كەم نابێتەوە.

شكوریە شێخانی ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان, ڕایگەیاند “ئەو 48 ملیۆن دینارەی بەپەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت %100 یاساییە، چونكە یاسا ئەوەی ڕێك خستووە، بێگومان ھەموو فەرمانبەرێكی حكومی بەبێ جیاوازی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە”.

گوتیشی “كاتێك فەرمانبەرێكی حكومی خزمەتی خۆی تەواو دەكات یان خانەنشین دەكرێت، بەپێی یاسا مووچەی شەش مانگ بەسەریەكەوە وەردەگرێت، بۆیە بەھەمان شێوە ئەو یاسایە پەرلەمانتارانیش دەگرێتەوە و بەپێی یاساكە ھەموو پەرلەمانتارێك مافی ئەوەی ھەیە كە مووچەی شەش مانگ بەسەریەكەوە وەربگرێت”.

ئاماژەی بەوەش دا “خەڵكی كاتێك دەنگ بەپەرلەمانتارێك دەدات، دواتر بۆچوونیان دەگۆڕێ و دەڵێن بۆچی پەرلەمانتار مووچەیەكی زۆر وەردەگرێت، یان بۆچی شوقە و ئۆتۆمبێل وەردەگرێت، ھەرچەندە ئێمە ئۆتۆمبێلمان وەرنەگرتووە، بەڵام ناكرێ پەرلەمانتار بەپێ یان بەپایسكل ھاتوچۆ بكات، چونكە بەردەوام پەرلەمانتار بۆ بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەی ھاووڵاتیان ھاتوچۆی وەزارەتەكان و بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكان دەكات، بێگومان پەرلەمانتار ھەیە ماڵی لە دەرەوەی ھەولێرە و حەفتانە ھاتوچۆ دەكات، ئەو پەرلەمانتارە مافی ئەوەی ھەیە ئوتۆمبێلێكی ھەبێت بۆ ئەوەی ھاتوچۆی پێبكات.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەش كرد “ھەرێمی كوردستان، وڵاتێكی دەوڵەمەندە و بەو مووچە و پارەیەی كە دەدرێ بەپەرلەمانتار لێی كەم نابێتەوە، ھەرچەندە كاتێك وەزیرێك دەستبەكار دەبێت، سەرەتا دوو دەفتەر دۆلار بۆ كەلوپەلی ناوماڵ وەردەگرێت، ھەروەھا خانوویەك و ھەشت پاسەوان و مووچەیەكی باش وەردەگرێت، بەڵام كاتێك پەرلەمانتارێك شتێك وەردەگرێت، خەڵكی ھەزار قسەی پێدەڵێن”.

Back to top button