لە دوو رۆژی داهاتوو ئەمریكا سزا بەسەر 700 كۆمپانیا و كەسی ئێراندا دەسەپێنێت

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سەپاندنی سزای زیاتر لە لایەن ئەمریكا بەسەر ئێران, میدیا جیهانیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە, لەیەكەم هەنگای جێبەجێكردنی سزاكان, سزا بەسەر 700 كەس و كۆمپانیای ئێرانی دا دەسەپێنێت, هەموو ئەو كۆمپانیا جیهانیانەش سزا دەدات ئەگەر بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بكەن.

وەزارەتی گەنجینە ئەمریكا، ئاشكراشی كردووە، نزیكەی 700 كەس و كۆمپانیا دەخرێنە ناو لیستی سزاكانی سەر ئێران، كە پەیوەندی بازرگانییان بەو وڵاتەوە هەیە, هەروەها، سزا بەسەر كۆمپانیای سویفتی نێودەوڵەتییش جێبەجێ دەبێت، ئەگەر مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە داراییەكانی ئێراندا بكات.

ستیڤن منیوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، كۆمپانیای سویفت كە بارەگای سەرەكی لە بەلجیكایە، جیاوازی لەگەڵ كەس و كۆمپانیاكانی دیكە نییە، ئەگەر بەردەوامبێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، سزای دەخرێتە سەر.

سزاكانی ئەمجارە، بەشێك لەو وڵاتانەش دەگرێتەوە، كە تا ئێستا نەوتی ئێران دەكڕن و هاوردەكردنی نەوتیان لەو وڵاتە رانەگرتووە، جگە لە هەشت وڵات، كە ناوكەونە چوارچێوەی ئەو سزایانە.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، دەرهێنانی هەشت وڵات لە لیستی سزاكان بە شێوەیەكی كاتییە بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بازاری نەوتی جیهان نەبێت.

بڕیارە سزاكانی ئەمجارە، رۆژی 4ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر رابگەیەنرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ 39ەمین ساڵیادی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران، كە 4ی نۆڤەمبەری 1979 هێرشكرایە سەری و بۆ ماوەی 444 رۆژ، 52 كارمەند و دیپلۆماتكاری باڵیۆزخانەكە گەمارۆدران.

رێككەوتی راگەیاندنی سەپاندنی سزاكان، وایكردووە گومان بكرێت و وەك تۆڵەیەك بەرامبەر بەو هێرشە لە قەڵەم بدرێت.

بە گوێرەی لێدوانی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤن منیوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، سزاكان تا ئەو كاتە بەردەوامییان دەبێت، كە ئێران ناچار دەبێت داواكارییەكانی ئەمریكا جێبەجێ دەكات.

داواكارییەكانیش بریتین لە وازهێنان لە پاڵپشتیكردنی تیرۆر، كۆتاییهێنان بە بەشداریكردنی سەربازی لە جەنگی سووریا، راگرتنی یەكجارەكی بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەكە بالیستییەكان.

دوای ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی واشنتن، لای خۆیەوە تاران رایگەیاند، وێڕای سەپاندنی سزاكان، بەڵام توانای ئەوەیان هەیە كاروبارە دارایی و ئابوورییەكانییان رایی بكەن.

تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویكردەوە، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: “ئەمریكا ناتوانێت هیچ رێكارێك لە دژی گەلە مەزن و ئازاكەمان بگرێتە بەر، توانا و لێهاتوویی ئەوەمان هەیە كاروباری ئابووری وڵات بەڕێوەببەین”.

سەرچاوە: العربیە

Back to top button