شارەزایەكی سیاسەتی ئەمریكا: ئەمریكا گەورەترین هەڵەی كرد بەرامبەر كەركووك
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, ئێستا لە رووی ئەمنی و ئابووریەوە كەركووك راستەوخۆ لە لایەن ئێران و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەڕێوە دەبرێت, شارەزایانی ئەمریكی لەبارەی رەوشی كەركووكەوە رەخنە له هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا دەگرن لەهەمبەر سیاسەتی هەڵەیان لەدوای رووداوەكانی داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكە لەلایەن سوپاسی عێراق و حەشدی شەعبیەوە.
كێن پۆڵەك شارەزا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، داوای لێبووردنی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و هەڵوێستی ئەوسای ئەمریكاشی بەهەڵەیەكی گەورە وەسف كرد.
هەروەها ئەو شارەزایەیی ئەمریكا گوتیشی: بەداخەوە كەركووك لە دوای ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كەوتووەتە رەوشێكی خراپەوە، لەئاكامیشدا بۆشایی درووستبووە بۆ گەڕانەوەی داعش، بڕوام وایە دەبێ پێشمەرگە و سوپای عیراق پێكەوە و بەهەماهەنگی سوپای ئەمریكا، سەرپەرشتی پاراستنی كەركووك بكەن.
هەروەها گوتی: پێم وایە شێوازی هەڵسوكەوت كردنی ئەمریكا لەكاتی ڕووداوەكانی كەركوك هەڵەیەكی گەورە بوو، من وەك ئەمریكییەك هیوادارم خەڵكی كوردستان هەوڵی دووبارە بەهێزكردنەوەی پەیوەندیەكانمان بدەن، هەوڵ بدەن جارێكی تر متمانەمان پێ بكەنەوە، هەرچەندە ئەگەر من كورد بم دەزانم ئەمە كارێكی ئاسان نیە !
بەگوێرەی زانیارییەكانی زۆرێك لەم شارەزایانە ئێستا ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكان لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بە هاوبەشی لەگەڵ هەولێر چارەسەر بكات و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.
تەنیا بابەتێك كه چاودێرانی سیاسی و شارەزایان لەواشنتۆن زۆر جەختی لەسەر دەكەنەوە، گەڕانەوەی متمانە و پەیوەندی بەهێزە لەنێوان لایەنە سیاسییه سەرەكیەكان له هەرێمی كوردستاندا، بە پێچەوانەی ئەمە لەناو كۆڵێك پیلان و ئەجیندای نەیارانی كورددا مافەكانی كوردستانیان هەمیشە لەمەترسیدا دەبن.