سندوقە رەشەکەی مالیکی لە مووسڵە
تەنیا کوردی
(مالیکی لە ماوەی حوکمڕانی سیاسیدا ١٣٠ ملیار دۆلاری عێراقی بردووەتە دەرەوەی وڵات و، بای ٢٠٠ ملیار دۆلاریش زیانی لە عێراقدا داوە، گەورەترین ترسی مالیکی لە ئاشکرابوونی مەلەفی مووسڵە کە سندوقە رەشەکەی لەویدا هەڵگیراوە و دوای مووسڵ تەواوی ئەو زانیارییە وردانە ئاشکرا دەبن کە چۆن مووسڵی رادەستی داعش کرد))
سەردەمی مالیکی لەگەڵ سەردەمی نەمانی دوکەڵی ئاگر لە مووسڵدا دەکەوێتە ژێر پرسیاری جیدییەوە؛ بۆچی مەلەفی مووسڵی رادەستی داعش کرد؟ بۆچی داهاتی عێراقی برد؟ بۆچی ناوچە سوونە نشینەکانی ئیبادە کرد؟ بۆچی قوتی خەڵکی کوردستانی بڕی؟ ئەی بۆچی ئێستا دێتە گۆ؟
مالیکی ترسی لەو داعشە زیاترە کە لەنێو مووسڵدایە و، دەزانێ کە گوللە سێرەی لێ گرتووە و ئیدی بە سزای گەل دەگات. ترسی مالیکی لەوە نییە کە داهاتووی مووسڵ چی لێ دێ؟ چونکە دەزانێ کە ئیدی دەستبردن بۆ مووسڵ بۆ مالیکی و پشتەوەی ئەویش کە رەسمی سیاسیەتی بۆ دەکێشی مەترسیدارە و مەلەفێکی تەواو لەدەستچووە، ترسی مالیکی لەوەدایە کە ئەم سندوقە رەشەی لەوێدا حەشاردراوە دوای رزگارکردنی مووسڵ دەکرێتەوە و، ئیدی بەتەواوەتی ئاشکرا دەبێ کە چۆن مالیکی مووسڵی رادەستی داعش کرد.
مالیکی بەگوێرەی لێکۆڵەرە ئەمریکاییەکان کەسێکی دووڕووی سیاسی بوو، لەسەر پەتی ئێران و ئەمەریکادا یاری دەکرد، کەسێکی پەروەردەی قوم و نوقم لە شکستی سیاسیدا بوو، هەروەک زانیاری هەواڵگری ئەمەریکا لە سەردەمی مالیکدا وایان دەگوت کە ئەمە پیاوی حوکمڕانی نییە و، ئەمەریکا بە هەڵەداچوو کە پێشووتر پشتی گرتووە، چونکە ئەمە وەرەقەیەکی دەستی ئێرانە و، لەوێدا پڕۆگرامکراوە بۆ شکاندنی شەڕاکەتی سیاسی و نیشتمانی نێوان پیکهاتە سەرەکییەکانی عێراق و، چاندنی بۆمبی فیتنە لە ناوچەکەدا.
سەرۆک بارزانی بەر لە هەموو سەرۆکەکانی دونیا مالیکی ئاشکرا کرد کە کەسێکە بۆ حوکمڕانی سیاسی عێراق دەستنادات و ناوەڕۆک بەتاڵە، هەر دوێنێیش کە سەرۆک پێیگوت (الحسود لایسود) ئەم دەستەواژەیە مانایەکی دیکەی شارەوەی هەڵگرتووە کە شرۆڤەکاران ئەگەر ئەم دەستەواژەیە شیبکەنەوە تێدەگەین کە کۆدی مالیکی لە مووسڵدا دەکرێتەوە.
مالیکی داهاتووی لەنێو لەپی ئەو داعشانەدایە کە لە مووسڵدان، چونکە قۆناغی دوای مووسڵ بۆ عێراق و هەرێم روانگەیەکی جیایی هەیە؛ هەرێم بە مەلەفێکی پڕ بەهێزی ئاسایشی ناوچەکە لەسەر گۆڕەپاندا دیفاکتۆیە و، عێراقیش ئەوانەی لەبەرەی مالیکدا نین بە پڕۆژەیەکی نوێ دەیانەوێ تەفاهومی سیاسی دروست بکەن و سوونەکانیش ئەوانەی لەدڵدا پڕن لە مالیکی دەیانەوێ ئیدی روخساری سیاسی مالیکی لە مووسڵدا وەک ئاگری دوکەڵی ناوچەکە بسووتێ و نەیبیننەوە.
ئاخر ئەمە مالیکی بوو وەک پیاوێکی دوور لە سیاسەتی راستەقینەی گەل و بازرگانێکی شیعە لەو کاتەی ئەو لە حوکمڕانی سیاسی عێراق بوو، وەک دەسەڵاتی تەنفیزی بایی ٦٠ ملیار دۆلار پارەی لە داهاتی عێراق برد. ١٢٠ ملیار دۆلاری دیکەی بردەوە دەرەوەی عێراق و بایی ٢٠٠ ملیار دۆلاریش زیانی لە ژێرخانی سیاسی و سەربازی و ئابووری عێراق دا. گەلی عێراقی تووشی نەهامەتی سیاسی کرد و ناوچە سوونە نشینەکانی رادەستی داعش کرد.نەهامەتی بۆ گەلی کورد هێنا کە قوتی خەڵکی کوردستانی بڕی.
ئەم سیاسەتی مالیکی لەخۆڕا وێنەی بۆ نەکێشراوە، چونکە بەگوێرەی قسەی سیاسەتوانانی عێراق مالیکی ئەقڵی بە زۆر شتدا ناشکێ، بەڵام پشتەوەی رەسمی سیاسی مالیکی پڕۆگرامی بۆ دەکێشی کە ئەمەیش ئەوەندەی نەماوە و بە ئازادکردنەوەی مووسڵ سەردەمێکی نوێ بۆ حوکمڕانی سیاسی ناوچەکە دێتە بوون.
هەموو هەڕەشەی مالیکی بە حەشدی شەعبی و ئێرانە، بەڵام ئەمە نابێ لە بیربکرێ کە مالیکی ئەگەر لەسەر پەتێک گوشاربکات ئەوا کورد لە تەواوی هاوپەیمانێتی دەولیدا پێگەی قایمە و لە ناوچەکەدا کارتی یەکلاکەرەوەیە، بۆیە پێگەی کورد لەناوچەکەدا بڕیار دەدات نەوەک قسەکانی مالیکی کە خۆیشی دەیزانێ ئیدی سەردەمی ئەو تەواو بووە و وەک عەرەب گوتەنی بووەتە (خبر کان) و، لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەکەدا بوونی نەماوە.