عێراق به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماردانه‌كانی داعش هێز ڕه‌وانه‌ی سنور ده‌كات

لە چەند رۆژی رابردوو چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق بەشێوەی گرووپ دەركەوتوونەتەوە و لە ھەندێك ناوچەش دەستیان بە تەقینەوە و ھێرش كردووەتەوە.

رائید كەریم عوبەیدی، لە سوپای عێراق ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك چەكداری داعش توانییان دزەبكەنە نێو سنووری عێراقەوە لە ناوچەیەكی نزیك رەبیعە لە رۆژئاوای نەینەوا و ھێرشییانكردە سەر بنكەیەكی سەربازی سوپای عێراق و ٦ سه‌ربازیان كوشتووه‌ و ۲ چەكداری داعش كوژراون.

هاوكات بەھۆی ترس لە ھاتنەناوەوه‌ی داعش لەدیوی سووریاوە، عێراق، ھێزی زیاتر رەوانەی ناوچە سنوورییەكان دەكات.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق، ھێزی سەرجەم كەرتە سەربازییەكانی لە سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی، حەشدی شەعبی، جیا ھێزەكانی پاسەوانی سنوور، لەو ناوچانە جێگیركردووە، ئەم ھێزانەی عێراق، ھەموو رێوشوێنێكییان گرتووەتەبەر بۆ پارساتنی سنوورەكان و رێگریكردن لە پەڕینەوەی چەكدارانی داعش بۆ ناوەوەی عێراق و لە ئامادەكاری تەواودان.

یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان ده‌ڵێت: “ئەگەر ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە بەرەوڕووی ھێزەكانمان بێتەوە، لەلایەن ھێزەكانمانەوە وەڵامێكی توند دەدرێتەوە، كە لەسنوورەكان بڵاوەیان پێكراوە و لە ئامادەكاری تەواودان بۆ شەڕ”.

Back to top button