ئەنجوومەنی ئاسایش: بە داتا لە ناوچە داگیركراوە كوردستان جمووجۆلی داعش روو لە زیاد بوونە
دوای ئەوەی جموجۆلەكانی داعش لە چەند مانگی رابردوو لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و ناوەڕاستی عێراق زیاد بوو, ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر، ئاماری مانگێكی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعشی بڵاوە كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 4\11\2018، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)، لە چەند تویتێكدا، ئاماری مانگێكی هێرشە تیرۆریستییەكانی بڵاو كردەوە، تێدا، ئاماژەی بەوە داوە، كە تۆماری ڕووداوە ئەمنییەكان بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دەری دەخات، ھێرشە تیرۆرێستییەكان بە رێگەی ئۆیۆمبێلی بۆمبرێژكراوەكان لە كەركووك و مووسڵ دووبارە سەری ھەڵداوەتەوە، ھەروەھا تیرۆركردنی موختارەكان و بە ئامانجكردنی وێستگەكانی كارەباش بەردەوامن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە تویتەكانیدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە لانی كەم دوو ھێرشی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دژ بە ھاووڵاتییان و ھێزە ئەمنییەكان ئەنجام دراون، دوو ھێرشیش پووچەڵ كراونەتەوە، لە 13\10، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو شەش كەسی برینداركرد. 23ی مانگ لە گەیارە ھێرشێكی دیكە لانی كەم 10 كەسی كوشت و 30 كەسی دیكەی بریندار كرد.
جگە لەو هێرشانە، ئاماژە بەوەش دراوە، كە لە رێكەوتی 2\10، داعش هێرشێكی چەندقۆڵی بۆ سەر گوندی ڕەبزە لە نزیك حەویجە ئەنجام دا و تێیدا موختاری گوندەكەی كوشت، له 10\10ەش، داعش موختاری گوندی جاسمییەی لە ماڵەكەی خۆیدا كوشت.،دواتر لە 20ی هەمان مانگ، تیرۆریستانی داعش موختاری گوندی كەریم داودەی سەر بە شارۆچكەی خانەقینیان كوشت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی روون كردووتەوە، هەر لەو مانگەدا، لە رێكەوتی 17\10، تیرۆریستانی داعش تاوەرێكی كارەباییان لە نزیك گوندی خوزەیفییە تەقاندەوە و بووە هۆی بڕینی كارەبای حەویجه، ڕۆژێك دواتر، بۆمبێكی چینراو ئۆتۆمبێلی پاسەوانێكی پۆلیسی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باشووری كردە ئامانج لە نزیك گوندی مەفتوولی سەر بە ڕەشاد و لە ئاكامدا پێنج پۆلیس بریندار بوو.
جەختیش لەوە كراوەتەوە، كە بەدرێژایی مانگی رابردوو، 40 هێرشیش لە ڕێگەی بۆمبی چێنراو ئەنجام دراون كە تێیاندا ئۆتۆمبێل، بازگەی پۆلیسی فیدراڵی، بنكەی سەربازی، بارەگا و كەسایەتییەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و هەروەها هاووڵاتییانیان تێدا كراوەتە ئامانج.