ئەنجومەنی دادوەری فرمانی بانگهێشتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی دەركرد
دوای ئەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە لایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان پەسەندكران, ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكی فەرمیدا كە بە واژۆی سەرۆكی ئەو ئەنجومەن بڵاو كراوەتەوە، بە فەرمی داوای لە كاندیدە دەرچووەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كردووە، یەكەم كۆبوونەوەی خۆیان ڕێكەوتی 201811/6 ببەستن.
لەو نووسراوە فەرمییەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا كە كۆپیەكی دەستی( خواكوڕك) كەوتووە ئەمڕۆ یەكشەممە 2018/11/4 بڵاو كراوەتەوە، تییدا هاتووە: “بەپشتبەستن بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە و بەپێی حوكمی مادەی یەكەم / چوارەم لە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017(یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم) و پاش پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارمان دا بە:
1- بانگهێشتكردنی كاندیدە دەرچووەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان / عێراق، بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان لە ڕۆژی 2018/11/6 كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ.
2- ئەم مەرسوومە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە كاری پێدەكرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەدەستهێنانی 45 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و ڕادەسپێدرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی پارتیش ئەم جارە بیر لە پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراوان ناكەنەوە.