حوسێن سەڵامی: كەشتە فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكا لەژێر رەحمەتی ئێمەن, دەیبنین چۆن وێرانیان دەكەین

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سەپاندی سزای تازە لە لایەن ئەمریكاوە بەسەر ئێران لە ئێستادا ئێران ل رێگای میدیاكانیەوە دەستی كردووە بە هەڕەشە لە ئەمریكا, هەروەها ئەمڕۆ لە دژی سزاكانی ئەمریكا لە چەند شاریكی ئێران خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری بەڕێووە چوون, فەرماندەیەكی سەربازی ئێرنایش هەڕەشەی وێرانكردنی كەشتەیە فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكا دەكات.
حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداری دایە ئەمەریكا، بەوەی كە كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانی ئەمەریكا لەژێر رەحمەتی مووشەكەكانی ئەوانن و زۆر بە وردی دەتوانن بیكەنە ئامانج و گوتیشی: چیتر وەك پێشان ئەمەریكا ناتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر كەنداودا بسەپێنێت.

ئەم قسانەی سەلامی لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی هاتوون و گوتی: “ئەمەریكا توانای ئەوەی نییە هیچ جەنگێك لەدژی ئێران رابگەیەنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو توانا سەربازییەی ئێستا ئێران هەیەتی، كە دەتوانین بەئاسانی بەرژەوەندییه سەرەكییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بكەینە ئامانج، كاتێكیش ترەمپ گوتی: ئێران دەتوانێت لەماوەی تەنیا 12 خولەكدا ناوچەكە داگیر بكات، ئێمە پێمان گوت: ئێران بەدوای داگیركردنی ناوچەكەدا ناگەڕێت، بەڵام دەتوانین لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، كۆتایی بە هەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكە بهێنین”.

سەبارەت بە بوونی كەشتیگەلەكانی ئەمەریكاش لە ئاوەكانی كەنداو، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران گوتی: “ئەمەریكا چیتر وەك پێشان ناتوانێت لە ناوچەكە خاوەن هەژموون بێت و مووشەكەكانی ئێران زۆر بەوردی دەتوانن كەشتییە فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمەریكا لە كەنداو بكەنە ئامانج و، لەبەر ئەوەی چەك و پێداویستییە سەربازییەكانی ئەمەریكا كۆنن و لەرووی تەكنۆلۆژییەوە پێشكەوتوو نین، بۆیە ئێمە دڵنیاین واشنتۆن ناتوانێت هیچ جەنگێك لەدژی تاران رابگەیەنێت و، ئێمە ئامادە نین دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بكەین، چونكە ئەمە ستراتیژیەتی سەرەكی شۆڕشی ئیسلامییە”.

وەك ئاماژەیەكیش بۆ قۆناغی نوێی ئەو سزایانەی بڕیارە ئەمەریكا سبەی بەسەر ئێراندا جێبەجێ بكات، سەلامی رایگەیاند: “ئەمڕۆ و سبەی دوو رۆژی زۆر گەورەن بەلای خەڵكی ئێرانەوە، كە پێشان ئەمەریكا رایگەیاندبوو: ئاستی فرۆشی نەوتی ئێران لە بازاڕەكانی جیهان دەخاتە سەر هێڵی سفر، بەڵام دواتر رای خۆی گۆڕی، چونكە زانیی كە ناتوانێت ئەو كارە بكات، هەروەك 8 وڵاتی لە بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران بەخشی، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران”.

لەبارەی ئامانجەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكاش لە جەنگی ئابووری دژ بە ئێران، سەلامی دووپاتیكردەوە، “ئەمەریكا خەون بە رووخاندنی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەبینێت، بەڵام خەونەكانی بەدی ناهێن”، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، “واشنتۆن هەوڵی زۆری بۆ پەراوێزخستنی ئێران و دابڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ جیهان دا، بەڵام ئێستا دەیبینین، ئەوە ئەمەریكایە كە پەراوێزخراوە، بەتایبەت كە ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كەوتووەتە ناكۆكی، لەوانەش پاكستان، توركیا و كەنەدا. هەروەك ئێستا جەنگێكی ئابووری لەنێوان ئەمەریكا و هەریەك لە چین و وڵاتانی ئەوروپا سەری هەڵداوە، كە ئەمەش رەنگدانەوەی پەراوێزخستنی ئەمەریكایە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە”.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران گوتی: “ئێستا وڵاتانی ئەوروپاش وەك پێشان گوێ بە سیاسەتەكانی واشنتۆن نادەن، لای خۆشییەوە رووسیا بەنیازە جەنگێكی سارد لە دژی ئەمەریكا رابگەیەنێت، ئەمەش هەمووی بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە جیهان لەلێواری رووبەڕووبوونەوەی كۆشكی سپی نزیك بووەتەوە‌”.

Back to top button