جۆن بۆڵتۆن: سزاكانی سەر ئێران قورستر دەكەینەوە جارێ سەرەتایە
دوای ئەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ سزاكانی سەر ئێرانی راگەیاند, ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ڕای گەیاند وڵاتەكەی سزای قورستر دەخاتە سەر ئێران, جارێ سەرەتاییە.
جۆن بۆڵتون، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، لەدیدارێكیدا لەگەڵ تۆڕی “فۆكس نیوز”، ڕای گەیاند: “سزای زیاتر دەخەینە سەر ئێران”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە نایانەوێت سزاكان تەنها لەو ئاستەدا بمێننەوە، كە لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، خرابوونە سەر ئێران، بەڵكو “ئەوەی دێت زۆر گەورەترە”
ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغێكی قورستتری سزاكان لەلایەن واشنتۆنەوە بەسەر تاران چووە بواری جێبەجێكردنەوە و، ڕێكارەكان هەردوو كەرتی نەوتی و دارایی دەگرێتەوە.
پێشتر، ستیڤن منۆچین، وەزیری خەزانەی ئەمریكا، ڕای گەیاند، سزاكان 700 قەوارە و كەسایەتی ئێرانی دەگرێتەوە، لیستە نوێیەكەش 300 دیكە دەگرێتەوە.
پێشتر لە 8ی ئایاری 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ڕای گەیاند، ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی وڵاتە زلهێزەكان و ئێران دەكشێتەوە و سزاكانیش بەسەر تاران، كارا دەكاتەوە.