سبەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم سوێندی یاسایی دەخۆن

 

دوای ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا, دوای بانگهێشتنامەی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان, بڕیارە سبەی كاندیدە دەرچووەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی بخۆن و وەك پەرلەمانتار دەست بەكاربن، بەڵام بەھۆی رێكنەكەوتنی پێش وەختەی لایەنە سیاسییەكان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھەڵنابژێردرێت و دوادەخرێت بۆ دوای گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان لایەنەكان.

رێڤینگ هروری، كاندیدێكی دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك بە تەمەنترین كاندیدی دەرچوو سەرۆكایەتی یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن، لیژنەیەكی لەئاستی باڵا پێكھێناوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە بەشداربووەكان، تا بە زوویی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكومەت پێكبێت.

بەرپرسانی پارتی نایشارنەوە تا رێككەوتن نەكرێت دەستەی سەرۆكایەتی پێك نایەت، چونكە رایان وایە جیاوازی ھەڵبژاردنی ئەمجارە زۆرە لەگەڵ خولەكانی پێشوو.

بەگوێرەی ماددەی 10 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتی بریتی دەبێت لە سەرۆك و دوو جێگر، لە ماددەی سێەمیشدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، یەكەمین دانیشتن بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین كاندیدی دەرچوو دەبەسترێت تا كاندیدان سوێند بخۆن و دەستەی سەرۆكایەتی ھەڵبژێردرێت، بۆیە لەیەكەمین دانیشتن ئەو پرسە یەكلا نابێتەوە، چونكە شەڕی ئەمجارەی لایەنەكان زیاتر لە سەر وەرگرتنی پۆستەكانە.

Back to top button