ئێران هاواری لێهەستا, وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای دانوستان لە ئەمریكا دەكات

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەمریكا قۆناخی دووەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاند، كە بە هۆیەوە ئابووری ئێران كەوتۆتە ژێر هەڕەشەیەكی گەورە, وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی تەنها دوای تێپەڕینی چەند كاتژمێرێكم داوای دانوستاندنی لە ئەمریكا كرد.
محەمەد جەواز زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان دا بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا لە پێناو ڕێكەوتنێكی نوێ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەكەی، ئەمەش بەیەكەم سازشی ئێران دادەندرێ، كە بەئاشكرا بۆ ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپی بكات.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا وەك لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا بڕیاری دابوو ڕێكەوتنی ئەتۆمیی وڵاتەكەی هی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنێتەوە، بەڵێنەكەی جێبەجێ كرد و بەبڕیارێكی تاكلایەنەی واشنتن ڕێكەوتنەكەی هەڵوەشاندەوە و زنجیرەیەك سزاشی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئێران ناچار بوو دان بەبڕیارەكەی ترەمپدا بنێت و ئەمڕۆش داوای دانوستاندنی لەگەڵ كۆشكی سپیدا كرد.

زەریف لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “USA Today”ی ئەمریكی رایگەیاند كە دەتوانن دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكادا بكەن، ئەگەر ئەمریكا بنەمایەك بۆ دانوستاندنی بنیاتنەرانە دابنێ.

زەریف ئەوەشی گوتووە كە متمانەی هاوبەش مەرج نیە بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن، بەڵكو
پێویستە ڕێزگرتنی هاوبەش هەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە كە ئیدارەی ئێستەی كۆشكی سپی باوەڕی بەدانوستاندنی دیبلۆماسی نیە، بەڵكو تەنها باوەڕی بەخۆسەپاندن هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە قۆناخی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێكرد، كە كەرتەكانی نەوت و بانك و گواستنەوە دەگرێتەوە.

Back to top button