ئەمریكا 12 ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیركردنی سەركردەكانی PKK تەرخان كرد

 

دوای ئەوەی ئەمریكا ئامادە نەبوو پارتی كرێكارانی كوردستان لە لیستی تیرۆر دەر بهێنێت, ئەمڕۆ سێشەممە واشنتن بۆ دەستگیركردنی سەركردە باڵاكانی پەكەكە ملیۆنان دۆلاری تەرخان كرد، لەنێویشیاندا 5 ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیركردنی موراد قەرەیلان، 4 ملیۆن بۆ جەمیل بایك و 3 ملیۆن دۆلاریش بۆ دەستگیركردنی دۆران كالكان تەرخان كراوە.

باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە بەیاننامەیەكی لە زاری ماسیۆ پاڵمەر جێگری یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵاو كردەوە، تیایدا ئاماژەی داوە كە لە میانی گەشتەكەیدا بۆ توركیا، ئەوەیان پێڕادەگەیەنێ كە واشنتن هاریكارییەكانی توركیای هاوپەیمانیان لە شەڕی تیرۆردا بەرز دەنرخێنێ.

پاڵمەر رایگەیاندووە “بەرنامەی پاداشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەپێناو دادوەریدا، سێ ئەندامی ناسراوی پەكەكەی لەخۆ گرتووە”.

وردتر ئاماژەی بەپاداشتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوە كە بریتیە لە پێدانی 5 ملیۆن دۆلار بەهەر كەسێك شوێنی موراد قەرەیلان سەركردەی پەكەكە بەئەمریكا بڵێ. هەروەها 4 ملیۆن دۆلار پاداش بۆ دۆزینەوەی شوێنی جەمیل بایك و 3 ملیۆن دۆلاریش بۆ دۆزینەوەی شوێنی دۆران كالكان تەرخان كراون.

بەرپرسە ئەمریكیەكە لە بەیاننامەكەدا پەكەكەی وەكو ڕێكخراوی تیرۆریستی وەسف كردووە.

Back to top button