كۆمەلی ئیسلامی: بڕیارمان نەداوە ببینە ئۆپۆزسیۆن
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو, لە پەراوێزی كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە بڕیاریان نەداوە ببنە ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر بە گونجاوی بزانن، بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كە بە كراوەیی جێهێڵدرا، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: ”لە ڕێگەوە بڕیارمان نەداوە ئۆپۆزسیۆن بین، بڕیاریشمان نەداوە بەشداری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەین، بەڵكوو تەماشای حكوومەت و دۆخی سیاسی و دامەزراوەكان دەكەین، با بزانین بە چ ئاراستەیەكدا دەبرێ؟ ئایا دەتوانێ داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات؟”.
جەختیشی لەوە كردەوە كە هەر پارتێكی سیاسی كاتێك بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا دەكات، بۆ ئەوەیەتی دەسەڵات وەربگرێت، بۆیە ئەگەر بە گونجاوی بزانن ئەوا بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، بەڵام ”ئەگەر نەمانتوانی بەشداری لە حكوومەتدا بكەین، ئەوا دەبین بە ئۆپۆزسیۆن“.