ئەردۆگان پابەندی سزاكانی ئەمریكا نابین دژ بە ئێران و بڕیارێكی هەڵەیە جیهان دەهەژێنێت
دوای ئەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە, دوازدە مەرجی وەك سزا بەسەر ئێراندا سەپاند, دوای تێپەڕینی تەنها یەك رۆژ بەسەر بڕیارەكەی ئەمریكا سەرۆك كۆماری توركیا دووپاتیكردەوە، وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك پابەندی ئەو سزا ئابووریانە نابێت، كە ئەمەریكا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی و گوتی: “ئەو كارەی ئەمەریكا هەڵەیە و هاوسەنگی جیهان دەهەژێنێت”.
لە میانەی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی “ئاك پارتی” لە پەرلەمانی توركیا ئەردوغان دەمی قسەكانی بە رەخنەگرتن لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كردەوە و گوتی: “سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران پێچەوانەی دیباجەی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییە و، ئێمە نامانەوێ لە جیهانێكی ئیمپریالیزمیدا بژین”.
سەرۆكی توركیا ئەو سزایانەی بە ناتەندرووست ناوبرد و گوتی: “ئێمە سزاكانی سەر ئێران به كارێكی ژیرانە نازانین، چونكە ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو جۆرە سزایانە دەبنە هۆی لاسەنگكردنی هاوسەنگی جهان”.
هەر ئەمڕۆ مەولود چاویش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیاش سزاكانی ئەمەریكای بۆ سەر ئێران بەناڕەوا وەسف كرد و رایگەیاند، “پەراوێزخستنی ئێران مەترسیدارە و سزادانی گەلەكەشی ستەمكارییە”.
ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتیكردەوە، “هەر لایەن و كۆمپانیایەك پابەندی سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران نەبێت، رووبەڕووی توندترین سزای ئەمەریكی دەبێتەوە”، و گوتیشی: “وڵاتانی ئەوروپا بەڵێنیانداوە هەموو رێككارەكانی ئەمەریكا لەدژی ئێران جێبەجێ دەكەن”.
دوێنێ 5/11/2018 دووەم قۆناغی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كەوتنە بواری جێبەجێكردن، كە هەردوو كەرتی نەوت و دارایی ئەو وڵاتەی كردە ئامانج.