عادل عەبدولمەهدی یەكەم هەنگاوی بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەنێت

 

دوای ئەوەی كابینەی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكهێنرا, سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر گرنگی چارەسەركردنێكی دادپەروەرانەی پرسی ماددەی 140 و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا بەگوێرەی دەستوور كردەوە.

پاش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولمەهدی لە وتاری هەفتانەیدا دووپاتیكردەوە، “بەگرنگییەوە گفتوگۆ لەبارەی پرسی ماددەی 140 و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا دەكەین”، گوتیشی، “ناتوانم ئێستا بڕیاری كۆتایی لەمبارەیەوە بدەم”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، “ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەین”، هەروەها گوتی: “ئەو لێژنەیەی بۆ تاوتوێكردنی بابەتی بودجە پێكهێندراوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێی ئەو بابەتەش دەكات”.
عادل عەبدولمەهدی جەختیكردەوە، “پێویستە سەرجەم لایەنەكان لەسەر رەهەندە داراییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ هەموو پارێزگاكان و تەواوی گەلی عێراق بگەنە رێككەوتن”.
ئەمەش لەكاتێكدایە، حكوومەتەكانی پێشووی عێراق هیچ هەنگاوێكیان بەرەو چارەسەركردنی پرسی ماددەی 140 كە تایبەتە بە ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەناوە و كێشەكە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. سەبارەت بە پشكی هەرێمیش لە بودجەی گشتی عێراق، ماوەی زیاتر لە 4 ساڵ بوو حكوومەتەكانی بەغدا بە سەرۆكایەتی هەریەك لە نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی، بودجەی هەرێمیان بڕیبوو، لە كۆتایی ساڵی 2017ـەش بودجەی هەرێم لە رێژەی لە 17% بۆ 12.68% كەمكرایەوە.

Back to top button