پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێدانی سەدان ملیار دیناری بە حەشدی شەعبی پەسەندكرد
دوای دەست بەكار بوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق چەندین یاسا دەكراون جگە لە متمانە دان بە نیوەی كابنەی حكومەت بە سەركردایەتی عادل عەبدولمەهد, ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر خەرجكردنی نزیكەی 198 ملیار دینار بۆ میلیشیای حەشدی شەعبی، درا.
ئەحمەد ئەسەدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیانتانەوە، لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق، ڕای گەیاند: “ئەمڕۆ دەنگ لەسەر خەرجكردنی 197 ملیار و 850 ملیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی، درا”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە زیادكردنی بودجەی حەشدی شەعبی، 122 هەزار چەكداری میلیشیاكە دەگرێتەوە، ئەوانی دیكەش كە دەمێننەوە، لە بودجەی ساڵی داهاتوو بۆیان خەرج دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندی لەسەر هاوتاكردنی مووچەی چەكدارانی میلیشیای حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی عێراق، دا.
حسێن ئیسماعیل بەڕێوەبەری دارایی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەئامادەبوونی نوێنەری حەشدی شەعبی كۆبووەتەوە و لە ئەنجامدا بەكۆی دەنگ بڕیاری داوە مووچەی چەكدارانی میلیشیای حەشد وەك مووچەی هێزەكانی سوپا و ناوخۆی عێراق لێبكات.
لەدوای داگیركردنی بەشێك لە خاكی عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعش، بەویستی مەرجەعی شیعەی عێراق (عەلی سیستانی) چەند گرووپێك پێكهێنران تا خۆبەخشانە لە دژی داعش بجەنگن. ئەو گرووپانەش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە كە ئێستە بەتەواویش نازانرێت چەند گرووپن كە لەژێر ناوی حەشدی شەعبی كۆ كراونەتەوە. جگە لەوەش هەژموونی ئێرانیش باڵی كێشاوەتە سەر حەشدی شەعبی. لە پەرلەمانی عێراقیشدا دەنگی لەسەر دراوە و بووەتە هێزێكی فەرمی لەپاڵ سوپای عێراق، بۆیە دەگوترێت ئەو هێزە لە ئایندەدا مەترسی نەك لەسەر كوردستان دەبێت، بگرە لەسەر عێراقیشدا دەبێت.