هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ نێوان هه‌ڵسانه‌وه‌و كۆتایی هاتنی ته‌مه‌نیدا

دوای گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی، دوو رای جیاواز لەناو ھاوپەیمانی دیموكراسی موشتومڕی زۆری لەسەرە، رایەکیان کۆتایی ھێنانە بە ھاوپەیمانی و راکەی دیكە ھەڵسانەوەیەتی لەم دۆخەکەی دووچاری بووە، بەڵام رایی زاڵ لەسەر ئەو حزبەدا کۆتایی ھێنانی تەمەنێتی.

ماردین عەبدولکەریم، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانى ڕایگه‌یاند: “بڕیار لەسەر داھاتووی ھاوپەیمانی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن دایە، زۆربەی ئەندامانی ھەردوو ئەنجوومەنیش داوای ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانی دەكەن، بۆیە لێرەوە بە خەڵكی سلێمانی دەڵێم ئێمە كە لەوانەین داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانیمان كردووە ، ھۆكارەكەش ئەوەیە زیادبوونی حزبێك ھیچ خزمەت بە خەڵكی سلێمانی ناكات، ئەگەر دەستێك بیەوێت درێژە بە ھاوپەیمانی بدات، ئەوا بۆ ئاژاوەنانەوە لەناو شاری سلێمانی”.

لای خۆیه‌وه‌ عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی گووتی : “ھاوپەیمانی بۆ ئەوە نەھاتووەتە مەیدان دوای ساڵێك ھەڵوەشێنرێتەوە، بەڵكو ھاوپەیمانی بۆ گۆڕانكاری ھاتووە و دەبێ لەسەر رێچكەی خۆی بەردەوام بێت، كۆتا بڕیاریش لای ھاودیدانی ھاوپەیمانییە، دەبێ ھاوپەیمانی كۆبوونەوەیەك بكات و لەو كۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات”.

له‌ پەیڕەوی ناوخۆی هاوپه‌یمانیدا لە مادەی ۲۵ی ئەو حزبەدا ھاتووە، ھاوپەیمانی دەتوانێت خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، یان لەگەڵ لایەنێکی سیاسی دیکە بەپێی یاسا یەکبگرن، بۆ ئه‌مه‌ش دەبێت بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی کۆنگرەی گشتی بێت، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی یەکێتی ئەوەیە لەکاتی کۆبوونەوەی گشتی ئەو حزبە، کە بڕیارە ھەفتەی ئایندە بێت متمانەی ئەو دەنگانە بەدەست بنێت تا حزبەکە بە یەکجاری ھەڵبوەشێتەوە.

رۆژی ١٩ی٩ی٢٠١٨، بەرھەم ساڵح دوای نزیکەی پێنج مانگ جیابوونەوەی لە یەکێتی و دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ك بەناوی ھاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، حزبەکەی خۆی بەجێ ھێشت وله‌ پێناو پله‌و پۆستدا گەڕایەوە ناو یەکێتی و لە ھەمان رۆژ بوە کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق.

Back to top button