ئه‌مریكا دیموكراته‌كان كۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ن

پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا کە ئۆپۆزیسیۆنن، بە بردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران توانیان دژی پارتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتن تۆماربکەن.

سەرکەوتنی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا بەسەر پارتەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوە دەگەیێنێت، کە دوو ساڵی قورس چاوەڕوانی ئیدارەی ترەمپ دەکات، کە یەکێک لە دوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس چاودێرێکی تووند دەبێت بەسەر سەرۆکی ئەمریکا و چاوەڕوان دەکرێت لێکۆڵینەوەی لێبکات.

هەڵبژاردنی نیوەی یەکەم بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو. سەرکەوتنی دیموکراتەکانیش لە ئەنجوومەنی نوێنەران کارەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ساڵی داهاتوو زەحمەت دەکات، چونکە ئەوان زۆرینەن و دەتوانن یاساکان تێبپەڕێنن یان پەسندی نەکەن.

میدیای ئەمریکا رایگەیاند: “دیموکراتەکان زیاتر لە ۲۱۸ کورسی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێناوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی دیموکراتەکان بگاتە ۲۲۹ كورسی بەرامبەر ۲۰٦ کورسی بۆ کۆمارییەکان”. کۆی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ۴۳۵ کورسییە.

هاوکات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیراندا، کۆمارییەکان دەنگی زیاتریان هێناوە، ۵۰ کورسیان هەیە، بەرامبەر ٤۲ کورسی بۆ دیموکراتەکان، هێشتا بەشێکی ئەنجامەکان کە بەپێی دەنگی ۸ کورسی ماوە یەکلابێتەوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکدێت، ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٤۳۵ نوێنەر پێکدێت و ئەنجوومەنی پیرانیش لە ۱۰۰ ئەندام.

هەڵبژاردنی کۆنگرێس دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، خولێکیانی دەکەوێتە نیوەی هەڵبژاردنی خولی سەرۆکایەتی ئەمریکا. لەو هەڵبژاردنەدا سەرجەم نوێنەرەکان واتە ٤۳۵ نوێنەر هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ ۳۵ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران.

Back to top button