توركیا داوا ده‌كات سه‌ركره‌كانی یه‌په‌گه‌ش ده‌ستگیر بكرێن

ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکیا لێدوانەکەی خوڵوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی تورکیا چاوەڕێ دەکات ئەمریکا ھەنگاوی ھاوشێوە دژ بە سەرکردەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بگرێتە بەر.

وەزیری بەرگری تورکیا پێی وایە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و یەپەگەدا نییە، ھەردووکیان بە ”ڕێکخراوی تیرۆریستی“ ناو بردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە ”پێویستە ئەمریکا ھاوکارییە سەربازییەکانیشی بۆ یەپەگە بوەستێنێت“.

حکوومەتی تورکیا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە یەپەگە باڵێکی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و یەپەگەش، ئەگەرچی شانازی بە ھەڵگرتنی بیری ئاپۆچیی پەکەکە دەکات، بەڵام رەتی دەکاتەوە سەر بە پەکەکە بێت.

رۆژی سێشەممە ٦ی١١ی٢٠١٨، ماسیۆ پاڵمەر، جێگری یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە حکومەتی وڵاتەکەی بڕی ١٢ ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت بۆ ئەو کەسانە تەرخان کردووە، کە زانیاری لەسەر موراد قەرەیلان، جەمیل بایک و دۆران کاڵکانڤ دەدەن و دەبنە ھۆی دەستگیرکردنیان.

Back to top button