دوو ژنە موسلمان بوونە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بەڕێوەچوو, لە هەڵبژاردنەكەی ، دوو ژنە موسڵمان لە هەردوو ویلایەتەكانی میشیگان و مینیسۆتا سەركەوتنیان بەدەست هێنا و بوونە یەكەم ژنە موسڵمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.

بەمەبەستی هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە 435 كورسییە، لەگەڵ هەڵبژاردنی 35 ئەندام بۆ ئەنجوومەنی پیران، دوێنێ سێشەممە دەنگدەران لە ئەمریكا چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان. لەو هەڵبژاردنەدا راشیدە تڵێب و ئیلھان عومەر كە دوو ژنە موسڵمانن لەسەر لیستی دیموكراتەكان، سەركەوتنیان بەدەست هێنا.

راشیدە تڵێب كاندیدی 13مینی ناوچەی ویلایەتی میشیگان بوو، كە بەڕەگەز فەڵەستینیە، پێش هەڵبژاردنەكە بەمیدیاكانی ئەمریكای راگەیاندبوو كە ئامانجی ئەوەیە وەك خزمەتی گشتی بەڕێگایەكی كاریگەر نوێنەرایەتی ئیسلام بكات.

هەروەها ئیلھان عومەر كە بەڕەگەز سۆماڵیە، لە پێنجەمین ناوچەی ویلایەتی مینیسۆتا چووە هەڵبژاردنەكانەوە، توانی سەركەوتن بەرامبەر ركابەرەكەی لەسەر لیستی كۆمارییەكان بەدەست بهێنێت و بەئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵبژێردرێت.

ئیلھان عومەر یەكەم خانمە باڵاپۆشی ئەندامە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، چووە شوێنی كیس ئەلیسۆن كە ئەویش موسڵمان بوو و نوێنەرایەتی هەمان ناوچەی دەكرد.

Back to top button