نوری حەمە عەلی: سەردەمە فیفتی بە فیفتی بەسەر چوو ئێستا بە پێی كورسی پەرلەمانی مامەلە لەگەڵ لایەنەكانی تر دەكەین
دوای ئەوەی لە هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پارتی دیموركاتی كوردستان توانی بە رێژەیەكی بەرچاوی كورسی پەرلەمانی هەڵبژاردنەكە ببتەوە, سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە سەردەمی فیفتی بە فیفتی كۆتایی هاتووە و داواكاریی هەر لایەنێكیش بۆ مامەڵەكردن لە دەرەوەی بنەمای كورسیی پەرلەمانی، لەجێگەی خۆیدا نییە، چونكە ”هەڵبژاردن بۆ ئەوە كراوە بە پێی كورسییەكان مامەڵە بكرێت“.
نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: “ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ قسەیەك لەبارەی پۆستە باڵاكانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە نەكراوە، بەڵام چەند ڕۆژێكی دیكە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە و شاندێكی باڵا بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەربارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكدەھێنرێت”.
لەبارەی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ لەبەرچاونەگرتنی ژمارەی كورسییەكانی، ئەو سەركردەیەی پارتی نەیشاردەوە: ”یەكێتی ٢١ كورسی ھێناوە، ناكرێ داوای پۆستی باڵا بكاتەوە، چونكە سەردەمی پەنجا بە پەنجا كۆتایی ھاتووە و گوزەشتی كردووە، بەڵام ئێستا برادەرانی یەكێتی كورسییان ھەیە و ڕابردوویان ھەیە شەھیدیان ھەیە، بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان، بە قەدەر خۆیان و ڕێژەی كورسییەكانیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، بەڵام ئەگەر لە ھەندێك حاڵەتدا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا خاتری یەكێتی بگرین، شتێكی نۆڕماڵە، چونكە ئێمە ئەگەر ئەوا بكەین، لەپێناو بەرژوەندیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو كارە دەكەین، بەڵام لای ئێمە تازە سەردەمی پەنجا بە پەنجا كۆتایی ھاتووە“.
نووری حەمەعەلی ئاماژەی بەوەش دا: “ھەموو حزبێكی سیاسی مافی ئەوەی ھەیە داوای پۆستی باڵا بكات، بەڵام ناكرێ حزبێكی سیاسی كە ڕێژەی كورسییەكانی دیاریكراو بێت، خۆی وابیر بكاتەوە بەپێی كورسی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، بەڵكوو بەپێی خەبات و تێكۆشان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەگەر ئاوا بێ ئەی ئێمە بۆچی دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردن كەوتووین، ئەم خەڵكە بۆچی دەنگی داوە و خۆی ماندوو كردووە، ئەگەر مەسەلە تەمەنی حزبە خۆ حزب ھەیە ٨٠ ساڵ تەمەنی ھەیە و سێ كورسی نییە“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەگەر بەپێی ویستی كادیرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، ”ئێمە حەز ناكەین لە بەشی خۆمان كورسییەك بدەین بە حزبێكی سیاسی، بەڵكوو حەز ناكەین قاچی تەپڵەكێكیش بە ھیچ حزبێك بدەین، بەڵام پارتی چی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، ئەوە دەكات”.