بڕیاری قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتووانی بازاڕی لەنگە دەرچوو

 

دوای ئەوەی بە هۆی شۆڕتێكی كارەبایی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە تەواوی سوتا, حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر و بەگوێرەی ناوەڕۆكی بڕیارەكەش، كرێچی و خاوەن دوكان پێكەوە قەرەبوو دەكرێنەوە.
لەكۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێردا چەند بڕیار و راسپاردەیەك لەبارەی قەرەبووكردنەوەی خاوەن دوكانەكانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەركران.
لەپرێس كۆنفرانسێكدا لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تەواوی تێچووی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی لەنگە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابیندەكرێت، ئەگەر رەزامەندی لەسەر بڕی ئەو پارەیە بدرێت كە مەزەندە دەكرێت پێنج ملیۆن دۆلار بێت.
وتیشی: “لە قەرەبووكردنەوەی پارەدا بۆ زیانلێكەوتووان جیاوازی لەنێوان كرێچی و خاوەن دوكان ناكرێت و هیچ كرێچییەك لەشوێنی خۆی دەر ناكرێت، وەك پێشتری لێدێتەوە تا گرێبەستەكانیان تەواو دەبێت”.
هەر لەچوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا، 250 خاوەن عەرەبانە هەبوون پێش رووداوەكە كاریان كردووە و هەموویان لەشوێنی خۆیان دادەنرێنەوە و ئەگەر بڕیاری قەرەبوو دەرچوو “مادی” ئەوانیش دەگرێتەوە.

Back to top button