لایەنگرێکی سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا
دوای ئەوەی دوێنێ هەلبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، تا ئێستا دیموكراتەكان لە پێشەوەن و زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكایان مسۆگەر كردووە، ئەو سەركردەیەی دیموكراتەكانیش كە لە كاتی ریفراندۆمدا پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانی كردبوو، كاندیدی سەرەكی وەرگرتنی سەرۆكایەتی كۆنگرێسە.
چاک شومەر ئەو سیناتۆرە ئەمریكیەی كە پار لە كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، داوای لە حکومەتی ئەمریکا كرد پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بکات، ئێستە كاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆنگرێسی ئەمریكایە.
شومەر كە سیناتۆرێكی جوولەكەی نیویۆركە، خۆی و پارتەكەی “پارتی دیموكراتەكان” لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێی ئەمریكادا سەركەوتنێكی مەزنیان بەدەست هێنا، دیموكراتەكان پێویستیان بەبەدەستهێنانی 218 كورسی بوو لە كۆی 435 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كەچی تا ئێستە 220 كورسییان مسۆگەر كردووە، ئەمەش وا دەكات بەئاسانی ببنە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەپێی سەرچاوە ئاگەدارەكانیش چاك شومەر كاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆنگرێسە، ئەمەش چاوەڕوان دەكرێ كاریگەرییەكی گەورە لەسەر پێشووەچوونی كێشەی كورد لە ئیدارەی ئەمریكا بكات و پشتیوانییەكی زیاتر لە واشنتۆنەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر بێت، بەتایبەتی لە پرسی داوای سەربەخۆیی كوردستاندا.
پێشتر شومەر رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا گوتبووی كە دەبێت رێز لە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بگیرێت و پێویستە بەزووترین کات کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی.
هەروەها گوتبووی كە دەبێت جیھان رێز له دەنگدانە مێژووییەکەی 25ی ئەیلوولی کوردستان بگرێت.
شومەر یەکێکە لە سیاسییە ناسراوەکان نەك تەنها لە ئەمریکا بەڵکو لای زۆربەی سەرۆك و سەرکردەکانی جیهان. ئەو دۆستێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ و باراك ئۆباما و جۆ بایدن بووە لە ئەمریکا. هەروەها پەیوەندی نزیكی لەگەڵ سەرۆكان ڤلادیمێر پوتین و بنیامین ناتانیاهۆ هەیە.