گۆڕان : ئەو جارە لە حكومەت بەشدار بین بە جدی بەشدار دەبین وەك پێشتر ناكشێینەوە

 

دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە نێو حكومەتی بنكە فراوان كشانەوەو كە هەرێمی كوردستان لە توند ترین قەیراندا بوو, ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای دەگەیەنێت، گۆڕان ھیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ ئەوەی بەشداری كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكات، ئەگەریش بەشداری كرد، ئەوكات حكوومەت، بەحكوومەتی خۆیانی دەزانن, وەك پێشوو ناكشێتەوە.
حەكیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاندووە: “گۆڕان ھیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ ئەوەی بەشداری كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئەگەر بڕیارماندا بەشداری بكەین، زیاتر بەرنامە و كارنامەی چوار ساڵی حكوومەت بەلای ئێمەوە گرنگە، بۆ ئەوەی بزانین ئەم كابینەیە چۆن و بەچ شێوەیەك دەتوانێت كێشەی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكات”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە پۆست و وەزارەتی سیادی ئەوەندە بەلایانەوە گرنگە، كە ئەو پۆستانەی وەری دەگرن تاچەند دەتوانێت خزمەتی بەرنامەكەیان بكات، گوتیشی: “ھەر پۆستێك خزمەتی بەرنامەكەی ئێمە نەكات، پێم وایە ھیچ سودێكیان نابێت، بۆیە ئەگەر بەرنامەی حكوومەت ئەوە نەبێت كە ئێمە كاری لەسەر دەكەین، ئەوكاتە ڕەنگە قسەیەكی دیكەمان ھەبێت”.
ئەو سەركردەیەی گۆڕان، گوتیشی: “ھەرچەندە بڕیاری ئەوەمان نەداوە كە بەشداری حكوومەت بكەین، بەڵام وەزیرەكانی ئێمە لە كابینەكەی پێشوودا بەشاھێدی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، باشترین وەزیر بوون”.

حەكیم عوبێد، باسی لەوەشكرد، ئەوكاتەی وەزیرەكانیان لەناو حكوومەتدا بوون، ئەوكات گۆڕان حكوومەتیان بە حكوومەتی خۆیان زانیووە، بەڵام: “ئەگەر بڕیاربێ بەشداری حكومەت بكەین، بەجدی لەناو حكومەتەكە دەبین، بەو مەرجەی ڕێگریمان لێ نەكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین”.

Back to top button