شیرین كاوە گەرمیانی هۆكاری بردنی (ئامەد)ی كوڕی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونده‌كاته‌وه
شیرین ئەمین ناسراو بە (شیرین كاوە گەرمیانی) كەلەئێستادا لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، رۆژی ٦ی ئەم مانگە لەكاتی رۆیشتنی بۆ تەلاری پەرلەمان، (ئامەد)ی كوڕی لەگەڵ خۆیدا برد.
شیرین هاوژینی كاوە گەرمیانی لەباره‌ی بردنی ئامه‌دی كوڕی بۆ ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند:” بردنی ئامەد بۆ بینای پەرلەمان دوو ئامانجی هەبوو، یەكێكیان گەیاندنی پەیامێك بوو بەو ده‌سه‌ڵات و مافیایانه‌ی كه كاوەیان تیرۆركرد، ئێوه كاوهتان تیرۆر كرد به‌ڵام چەندان كاوەی تر بەڕێگاوەن بۆ گەیاندنی دەنگی ئازاد.”
شیرین ئەمین په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی گۆران گووتیشی:” پەیامی دووەمیان كە یەكەمین جارە بۆ میدیا ئاشكرای دەكات ئەوەیە كە بە مەبەستی تۆماركردنی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بۆ كارێكی فیلم سازی لەسەر ژیانی كاوە گەرمیانی، ئامەدی لەگەڵ خۆی بردووەتە ناو بینای پەرلەمان.”
شیرین ئه‌مین ده‌شڵێت:” بەپێی بەرنامەی كاری فیلمەكە پێویست بوو لەكاتی سوێند خواردنەكەشی لەپەرلەمان ئامەدی لەتەنیشتەوە بوایە، بەڵام پرۆتۆكۆلی پەرلەمان ڕێگە نادات هیچ كەسێكی تر جگە لە پەرلەمانتار خۆی بێتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە.”
كاوه گه‌رمیانی، رۆژنامه‌نووس شه‌وی ۵ی كانوونی یه‌كه‌می ۲۰۱۳، له به‌رده‌م دەرگای ماڵه‌كه‌ی خۆیدا لە قەزای کەلار ته‌قه‌ی لێكراو تیرۆركرا، دواتریش لە سەر دۆسیەکە، كارمه‌ندێكی ئاسایش بە بڕیاری دادگا ده‌ستگیركرا و به زیندانی هەتاهەتایی سزادرا هاوكات په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی درێژكرا.
کاوە گەرمیانی، ساڵی ۱۹۷۹ لە دایکبووە، لە ماوەی ژیانی رۆژنامەنووسیدا لە چەندین دەزگا و کەناڵی جیاجیای راگەیاندندا کاری کردوە، پێش تیرۆرکردنیشی سه‌رنووسه‌ی گۆڤاری رایه‌ڵ بوو.