هاوپه‌یمانی چاره‌نوسی خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كۆبوونەوەی یەكلایی كەرەوە لەبارەی چارەنوس‌و شێوازی بەردەوام بوونی وەك حیزبێكی سیاسی یاخود هەڵوەشاندنەوەو كۆتایی پێهێنانی ئەنجام دەدات، وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت: میكانیزمێك بۆ بەردەوام بوون دەگرنەبەر.

كۆبوونەوەكە فراوانەو هاودیدان‌و بەرپرسی دەڤەرو بازنەكانی هاوپەیمانی تێیدا بەشدارن‌و سبەینێ بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای بەجێهێشتنی بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانییەكەیەو ئێستا كۆنە یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی تەئكید لە هەڵوەشانەوەی دەكەن، بەڵام ئیسلامییەكان بە پێچەوانەوە.

هەریەكە لە ئارام قادرو محەمەد ڕەئوف دیارترین دوو كەسایەتیی ناو هاوپەیمانی كە پێشتر لەناو كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی پۆستی باڵایان هەبووە، لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانی درێژە بەكارەكانی بدات‌و بمێنێتەوە.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی گووتی:” لە كۆبوونەوەكەدا هاودیدان گفتوگۆ دەكەن دەربارەی ئەوەی هاوپەیمانی چ میكانیزمێك بگرێتەبەرو چ بڕیارێك بدات ، بێگومان ئەو كۆبوونەوەیە چارەنوسسازە.”

لەو كۆبوونەوەیەدا پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی‌و ناوەكەی دەخرێتەبەرباس كە ئایا گۆڕانكارییان تێدا بكرێت یاخود نا، لە وەڵامی ئەوەی ئایا هاوپەیمانی دەمێنێتەوە؟ عوسمان گوڵپی وتی”ئەم هێزە سیاسییە میكانیزمێك بۆ بەردەوام بوون دەگرێتەبەر، ئیتر ئایا بەو ناوەوە یان بە ناوی دیكەوە.”

له‌باره‌ی داواكاری كۆنە یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی، عوسمان گوڵپی ده‌ڵێت: “ئەوان دەڵێن پێویستە هەڵبوەشێتەوە، ئیتر كێ دەچێتەناو هەر هێزێكی دیكە ئەوە ئارەزوومەندانەیە، ئەوان تەئكید لە هەڵوەشانەوە دەكەن، مەرجیش نییە هەموویان لەگەڵ هەڵوەشانەوەبن، خەڵك هەیە پێشتر وازی هێناوە، هەیە لەناو یەكێتییەو پێیباشە هاوپەیمانی بەردەوام بێت.”

رۆژی ١٩ی٩ی٢٠١٨، بەرھەم ساڵح دوای نزیکەی پێنج مانگ جیابوونەوەی لە یەکێتی و دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ك بەناوی ھاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دواتر قه‌واره‌كه‌ی خۆی بەجێ ھێشت وله‌ پێناو پله‌و پۆستدا گەڕایەوە ناو یەکێتی و لە ھەمان رۆژ بوە کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق.

Back to top button