گۆڕان و كۆمه‌ڵ چاوه‌ڕێی وه‌فدی پارتی ده‌كه‌ن و پارتیش دوولیژنه‌ بۆ گفتوگۆ پێكده‌هێنێت

لایەنە سیاسیەکان ئامادەسازی دەکەن بۆ پێشوازی لە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێک ھێنانی کابینەی داھاتوی حکومەت ده‌كه‌ن، چونکە پارتی وەک ھێزی یەکەمی ھەڵبژاردن ئەرکی پێک ھێنانی حکومەتی دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام پارتی ئەمجارە ھەر لەسەرەتاوە مەرجی ئەوەی ھەیە کە حکومەتی بنکە فراوان دروست ناکات و لەگەڵی نیە.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت :” به‌ر له‌ دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێویسته‌ لیژنە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاری كرابێت “.

بە گوتەی حوسێن، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی براوە، بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێك دەهێنێت، كە لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمان و حكوومەت، لیژنەی دووەم، كە شاندی فەرمییە، لە دوای یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەبێت، ئەویش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی گوتیشی :” وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان لە پێناو لێكنزیكبوونەوەیانە لەگەڵ لایەنەكاندا، تا وادەیەكی نزیك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكرێت”.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌هرۆز عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی گۆڕان ده‌ڵێت: “ئێمه‌ به‌وه‌ له‌ لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی تێگه‌یشتووین، كه‌ نابێت كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت بنكه‌فراوانێكی ره‌ها بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان حكوومه‌تێكه‌ كه‌ لایه‌نه‌ براوه‌كان پێكی بهێنن و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رپرسانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌یبیستین رای تایبه‌تی خۆیانه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دا نین هه‌ڵوێستی فه‌رمی حزبه‌كانیان بێت”.

لای خۆیه‌وه‌ دارا محه‌مه‌د، ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی گوتی: “باشترین حكوومه‌ت ئه‌و حكوومه‌ته‌یه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، حكوومه‌تی بنكه‌فراوانیش خرابترین جۆریه‌تی، چونكه‌ له‌ حكوومه‌تی بنكه‌ فراوان هیچ كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئیداره‌دان نامێنێته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات و ره‌خنه‌ بگرێت”.

Back to top button